یەک شەممە, 22 ئازار 2020 17:49

راگەیەندراوی نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی تەندروستی (٢٢ی ئاداری ٢٠٢٠)

من هەر ئێستا کۆبوونەوەم لەگەڵ وەزیری تەندروستی بە ئامادەبوونی بەرپرسی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، دکتۆر ئەدهەم و تیمەکەی، کۆتایی هات.

من جەخت لەسەر پشتگیری خۆمان دەکەمەوە بۆ هەوڵەکانی ئەوان و هەوڵە بەنرخەکانی کارکەرانی بواری پزیشکیش کە بەڕاستی پاڵەوانی ونی ئەو بوارەن لە شەڕکردن دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

من حەز دەکەم زۆر ڕاشکاو بم لە گەڵتان. پێویستە مەترسیی ڤایرۆسی کۆڕۆنا (کۆڤید ١٩) کە پەتایەکی بێوێنەیە بە ئەوپەری گرینگیەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و چیتریش نابێت کات بەفیڕۆ بدرێت.

من حەز دەکەم دەنگی خۆم بخەمە پاڵ دەزگا تەندروستی و ئاسایشی و ئاینییەکان لە داواکردن لە خەڵک بۆ پابەندبوونیان بەو رێنمایی و ئامۆژگارییانەی کە پێشتر لە لایەن دەزگا تەندروستییە جیهانییەکانەوە دەرکرا بوون لە گەڵ ئەو راسپاردە نیشتمانییەکانی دەزگا تەندروستیە ناوخۆییەکان و "شانەی قەیرانی ٥٥"یش. هەموو لایەک پێویستە پابەندی ئەم رێنماییانە بێت.

هەر چەندە تا ئێستا عێراق توانیویەتی تەشەنەکردنی ئەم ڤایرۆسە کۆنترۆڵ بکات بەڵام ئەمە سەرکەوتنێکی سەرەتاییە لە خەباتێکی دوورودرێژدا. دەبێ ئەوەش ڕوون بێت کە ئەم ڤایرۆسە تەنها لە رێگەی هاوکاری و هەماهەنگیی تەواوی نێوان خەڵک دەتوانرێت بەری پێ بگیرێت. بۆیە پێویستە هەر کەسەو ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات.

بێگوومان کۆمەڵگاکان رۆڵی گرینگیان هەیە هەم لە بڵاوبونەوەی ئەم ڤایرۆسە و هەمیش لە پێشپێگرتنی. پاکڕاگرتنی تەندروستی و بەتایبەتیش دەست شۆردن و تێکەڵنەبوون و سنووردارکردنی پەیوەندیگرتن دەبنە مایەی بەرگرتن لە تەشەنەکردنی خێرای ئەم ڤایرۆسە.

من لە ڕاستیدا زۆر خۆشحاڵم بەو رێوشوێنە هەمەلایەنانەی کە عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە گرتوویەتیەبەر.

بەڵام هەرگیز نابێت ئەم دۆخە تووشی تۆقین بکات بەڵام ئەمەش مانای ئەو نییە کە گوێی بە ڕێنماییەکان نەدەین. لەم رۆژانەدا تێبینی ئەوەمان کردووە کە هەندێ کەس بێ هیچ بیانوویەکی ڕەوا یان قەدەغەی هاتوچۆیان شکاندووە یانیش وەک پێویست پابەندی رێنماییەکان نەبوون. من حەز دەکەم بەوانە بڵێم کە ئێوە گیانی خۆتان و خێزانەکەتان و خۆشەویستانتان و تەواوی کۆمەڵگا دەخەنە مەترسییەوە.

گردبوونەوە هەرگیز نابێت ئەنجام بدرێت بە چالاکیی وەرزشی و کۆمەڵایەتی و ئایینیەکانیشەوە. من لێرەوە دەمەوێت سوپاسی تەواوی پیاوان و دەزگا ئاینییەکان بکەم بۆ بانگەوازیان سەبارەت بە پابەندبوون بە ڕێنماییەکانی خۆدابڕین و لە ماڵمانەوە.

پێویستە تەندروستیی گشتی لە ڕیزی هەرە پێشەوە بێت و ئەمە هەموو چین و توێژ و نەتەوەیەکیش دەگرێتەوە. لە راستیدا، لەماڵمانەوە و خۆدابڕین و خۆدوورگرتن لە تێکەڵاوبوون هیچ شەرمێکی تێدا نییە چونکە ئەمە لە سەرتاسەری جیهاندا پەیڕەو دەکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان بە پێشەنگبوونی رێکخراوی تەندروستی جیهانی بەوپەڕی خۆشحاڵیەوە پشتگیری لە هەوڵەکانی عێراق دەکات.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق بە هەماهەنگیی چڕوپڕ لەگەڵ دامودەزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان چەند رێنمایی و ئامۆژگارییەکی بۆ خەڵک دەرکردووە لەگەڵ پێدانی یارمەتیی تەکنیکیش لە سەرتاسەری وڵات بەگرتنەخۆی سنوور و فڕۆکەخانە و راهێنانی کارمەندان لەسەر مەترسییەکان و پەیوەندی و گردبوونەوەی بەکۆمەڵ.

لەمەش زیاتر، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بەشێکە لەو لێژنە حکومییەی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی تەشەنەکردنی خێرای ئەم نەخۆشییە دروست بووە. هەروەها ئەم رێکخراوە ئامێر و کەلوپەل بۆ ژوورەکانی هەڵسوڕاندنی کاروبارەکان لە بەغدا و هەولێر دابین دەکات بە پێدانی کیتی تێست و ئامێری پارێزگاریی کەسیشەوە.

ئێمە دەزانین کە ئەمانە هێشتا لە ئاستی پێویستییەکان نین بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە قاتوقڕیەکی جیهانی لەم بوارەدا هەیە. لە لایەکی ترەوە، ئەم رێکخراوە داوای کردووە کە عێراق ببێتە سەرلیست لە سوودبینین لە سەرچاوە بەردەستەکان.

دوا خاڵم بریتییە لەوەی کە کاری پێکەوەیی حکومەت و ئێوە و رایگەیاندن لەوپەڕی گرینگیدایە هەم لە بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری و هەمیش لە ڕوبەڕوبوونەوەی هەر هەموو ئەو هەواڵ و دەنگۆیە درۆیانەی کە بڵاو دەکرێنەوە.

زۆر سوپاس

من و هاوەڵانم ئامادەین بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێکتان

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.