" ئێمە ئەمڕۆ لە ساتە وەختێکی دژواردا پەیامێکی ساکارمان هەیە بۆتان بەڵام خێرا و بە پەلەشە: پێویستە بەردەوام بین لە بەرەنگاربوونەوەی تەشەنەکردنی کۆڤید-١٩ لە گشت ئاستەکاندا ، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی لەڕێگای کردە تاکەکەسییەکان ، هەر یەک لە ئێمە و هەمووشمان.
دەستخۆشی لە کارە سەختەکان و ئازایەتی و قوربانیدانی کارمەندانی بواری چاودێری تەندروستی دەکەین ، ئەوانەی هەموو هەوڵەکانی خۆیان و ژیانی خۆشیان پێشکەش کردووە لە پێناو یارمەتیدان بۆ پاراستنمان لەم پەتایە. پرسە و سەرەخۆشیش لەوانە دەکەین کە خۆشەویستان و ئازیزانیان بە هۆی ئەم پەتایە لەدەستداوە."
دەسەڵاتە تەندروستییە خۆجێی و هەرێمی و نیشتمانییەکان و هەرەها دۆستانی عێراق و هاوبەشانی بە بەردەوامی هۆشداری ئەوەیان دەدا کە ساردبووەنەوەو گوێپێنەدان باجی قورسی بەدواوەیە. ناتوانین زیادە ڕۆیی لە مەترسی دۆخەکە بکەین بەڵام ترس و زانیاری چەواشەکاریش هەمان ڕادەی مەترسییان هەیە. بۆیە پێویستە بە ئازایی و زانیاری دروست و ئامۆژگاریی کردەیی و دیسپلینی بە کۆمەڵ بەرەنگاری ببینەوە.
سەرەرای سنوورداریی ئێجگاری تواناکانی چاودێری تەندروستی لە عێراق ، بەڵام عێراق توانی لە مانگە بەراییەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە خۆڕاگر بێت لە کاتێکدا چەندین وڵات لەسەرتاسەری جیهاندا شڵەژا بوون . ئێستاش لە دەرەنجامی زیادبوونی پشکنینەکان و چاودێریکردن و هەروەها بەهۆی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانەوە ، عێراق خۆی لە جەرگەی قەیرانێکی تەندروستی دەبینێتەوە
هەرچەندە تا ئێستا هیچ پێکوتەیەک لە ئارادا نیە ، بەڵام ڕێوشوێنەکانی خۆپاریزی باشترین ڕیگان : خۆبەدوور گرتنی جەستەیی و پەیڕەوکردنی پاک و خاوێنی دروست و وەرگرتنی چارەسەری بە بێ ترس و شەرم .
ئەزموونی وڵاتانی تر ئەوەی دەرخستووە کە دەکرێت کۆڤید-١٩ سنووردار بکرێت و هەنگاو بە هەنگاوێش ئابووری واڵا بکرێتەوە ، هەروەها ئەوەشمان بینی کە لەدەستدانی گیانیی مەزن و لەدەستدانی هۆکارەکانی ژیان لەوانەیە بە هۆی گوێپێنەدانە ڕێنماییەکانی دەسەڵات ڕوو بدەن. حکومەتەکان ناتوانن لە نێوان شەو و ڕۆژێکدا موعجیزە وەدی بهێنن ، بەڵام هەموومان دەتوانین بە بەیەکەوە کار کردن لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ، بەسەر ئەو پەتایە زاڵ بین ، بەسەریشی زاڵ دەبین.
عێراق ئەم قۆناغە تێدەپەڕێنی ئەویش بە پابەندبوونی تاکەکانی و دیتنی زانیاریەکان لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکان و هەوڵە نەپچڕاوەکانی هەمووان. هەروەکو لە پێشتردا وتوومە ، ئێمە لەم پرسەدا بەیەکەوەین ، گشت وڵاتان و گەلان و هەموو تاکێک. هەریەک لە ئێمە ڕۆڵی خۆی هەیە، عێراقییەکان دەتوانن پشت بە پشتگیرییە بەردەوامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان ببەستن ، کە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕێبەرایەتی دەکات."