دوو شەممە, 19 تشرینی یەکەم 2020 21:59

سەکۆیکارێک لە میسان: "گەنجانی عێراق، پێشەنگ لە دیالۆگ و سەقامگیریدا"

عەمارە، به‌غداد، ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ :- لەژێر سەرباسی" گەنجانی عێراق: پێشەنگ لە دیالۆگ و سەقامگیریدا"، ٣٠ گەنج لە ژن و پیاوی پارێزگای میسان بەشدارییان لە سەکۆیکارێکی ٣ رۆژەییدا کرد بۆ تاوتوێکردنی رۆڵیان لە ئاوڕدانەوە لەو ئاڵنگارییانەی کە ڕوبەڕووی کۆمەلگایەکانیان دەبنەوە. ئەمە شانزەهەمین سەکۆیکارە و دووەمینیشە لەوانەی کە بەهۆی کۆڤید ١٩ ەوە لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە لەلایەن یونامی و بە هاوکاریی "لێژنەی پێکەوەژیان و ئاشتیی کۆمەڵگایی سەر بە نووسینگەی سەرۆک وەزیران" و "ڕێکخراوی ئەمەلی عێراقی" یەوە ئەنجام بدرێت.

لە میانەی دانیشتنەکانی ئەو سەکۆیکارەشدا، کۆمەڵە بەشداربووەکان ئامرازی کارلێک کردنیان بەکار هێنا بۆ تاوتوێکردنی چەندان پرس، کە ئەوان بە گرینگ ناوزەدیان کرد. پرسەکانیش بریتی بوون لە بەهێزکردنی بەتواناکردنی سیاسییانەی گەنج و بەهێزکردنی رۆڵیشیان لە پڕۆسەی بڕیارداندا، بەتایبەتیش بەر لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی داهاتوودا، و زاڵبوون بەسەر کێشەی نێوان هۆزەکان و باشکردنی هەلی کار و وەبەرهێنان بەگرتنەخۆی گەشتیاری و کەرتە جێگرەوەکانی وزە و جەختکردنەوە لەسەر دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر دیاردەی چەکداری و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی خێزانی و پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ماددە هۆشبەرەکان لەناو گەنجاندا و باشتر دابینکردنی خزمەتگوزارییەکانیشەوە.

لە دانیشتنی کۆتاییشدا لە ١٨ی تشرینی یەکەمدا، بەشداربووان هەلی ئەوەیان بۆ ڕەخسا کە بە ئامادەبوونی جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئالیس وۆلپۆل، دید و بۆچوونیان لەگەڵ یەکتردا هاوبەش بکەن و دەرئەنجامەکانیش بە بەرپرسانی ناوخۆیی بگەیەنن وەک ئەندامانی پەرلەمان و "بەرپرسی گەنج و وەرزش لە میسان" و نوێنەرانی "لێژنەی پێکەوەژیان و سەقامگیریی سەربە نووسینگەی سەرۆک وەزیران."

خاتو وۆلپۆل هانی ئامادەبووانی دا بۆ دەربڕینی رایەکانیان و هەروەها هاوبەشکردنی بیروبۆچونیشیان لەسەر ئەوەی کە چۆن بتوانن بەسەر ئەو گیروگرفتانەی کە ڕوبەڕووی عێراق دەبنەوە زاڵ بن.

ئەو لەمبارەوە وتی "ئەمە دۆخێکی ئاڵۆز و دژوارە لە عێراقدا. سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا کۆڤید-١٩ بووەتە مایەی خراپترکردنی گرفتە کۆمەڵایەتی و ئابووری و ژینگەیی و سەقامگیرییەکان کە خۆیان پێشتریش هەر خراپ بوون. لەڕاستیدا، گەنجان لە هەڵسانەوەی دوای قەیراندا رۆڵی خۆیان بینیوە. بۆیە ئەو وزە هەوێنییە بزوێنەرەی کە گەنجان لە چارەسەرکردنی چەقبەستنە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکاندا هەیانە هەرگیز نابێت نادیدە بگیرێت. ئێوە بەڕاستی وزەی داهێنان و بیرۆکە و چارەسەرن. "


بۆ زانیاریی زیاتر تکایە پەیوەندی بکەن بە نووسینگەی راگەیاندنی گشتیی یونامی بە ئیمێلی: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.