سێ شەممە, 27 تشرینی یەکەم 2020 04:05

پێشەنگی لە کار بۆ گەنجان لە هەرێمی کوردستانی عێراق گرنگ

بە مەبەستی یارمەتیدان لە چارەکردنی بەرزبوونەوەی رێژەی بێکاری لە نێو گەنجانی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، رێکخراوی پەرەپێدانی پیشەسازیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (یونیدۆ) و وەزارەتی پەروەردە بەرنامەی فێرکردنی پێشەنگی لە کاردا پێشکەش بە قوتابخانە ئامادەییە پیشەییەکان دەکەن. نزیکەی ١،٠٥٦ خوێندکار بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠-٢٠٢١ بەشدار دەبن لە ئەم بەرنامەیەی پەیڕەوی پێشەنگی لە کاردا (ECP).

وەك بەشێك لە ئەم دەستپێشخەرییە، رێکخراوی یونیدۆ (١٢٠) کاتژمێر راهێنانی راهێنەرانی لەبارەی پەرەپێدانی پێشەنگی لە کار رێك خست بۆ ١٥ مامۆستا و ٢ کارمەندی قوتابخانە ئامادەییە پیشەییەکانی پارێزگای دهۆك، لە ٢٠ی ئەیلول بۆ ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠. مەبەست لە ئەم راهێنانە بریتی بوو لە ئامادەکردنی مامۆستایان بۆ ئەوەی یارمەتی خوێندکاران بدەن لە پەیداکردنی ئەو رێچکانەی دەیانگەیەنێت بە کار. راهێنانەکە چەند خولێکی لەخۆ گرتبوو لەسەر چەند بابەتێکی وەك پێشەنگی لە کار، پلاندنانی کار و پرۆژە و، سەرکردایەتیکردن و بنەماکانی فێرکردن.

لە ساڵەکانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩دا، رێکخراوی یونیدۆ و وەزارەتی پەروەردە بەرنامەی پەیڕەوی پێشەنگی کاریان لە ١٠ قوتابخانەی ئامادەیی پیشەیی لە هەولێر تاقی کردەوە. پرۆژەکە ئەم بەرنامەیەی پێشکەش بە ١،٥٥٠ خوێندکاری پۆلی ١٠ و ١١ لە ئامادەییە پیشەییەکان کرد.

دەستپێشخەریی بەرنامەی پەیڕەوی پێشەنگی کاری رێکخراوی یونیدۆ بە تایبەت بۆ بوژاندنەوەی باری ئابوریی کۆمەڵگای خۆجێی و بۆ وەڵامدانەوەی ئاسته نگه ئاڵۆزەکانی بەردەم ئاسایشی مرۆیی لە ژینگەیەکی دوای ململانێ داڕێژراوە. وەك جێگرەوەیەکی کرداری بۆ خوێندنی زانکۆیی، ئەم دەستپێشخەرییە دەیەوێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە لە نێوان پەروەردە و پیشەسازیدا هەیە. حکومەتی فیدراڵی نەمسا و حکومەتی یابان پاڵپشتی ئەم دەستپێشخەرییە دەکەن.

وەك نوێنەری وەزارەتی پەروەردە لە دهۆك، بەڕێز شەزری خەلیل، رۆڵی سەرۆکی بەشی پلاندانان لە بەرنامەی دهۆك دەبینێت. خەلیل روونی دەکاتەوە کە، "پێویست بەوە دەکات قوتابخانە ئامادەییە پیشەسازییەکان پێش بخرێن و بە پشتیوانیکردن بە پرۆژەی بچوك پاڵپشتیی خوێندکارەکانیان بکرێت. ئەمە پێویستییەکی بنەڕەتییە بۆ پەرەپێدانی ئابوریی ناخۆیی."

روونی کردەوە کە سیستمی قوتابخانە بە گشتی تەنها ژمارەیەکی کەم لەو خوێندکارە زیرکانە دەبینێت کە ساڵانە خوێندن تەواو دەکەن و پشتیوانیی حکومەت بۆ قوتابخانە پیشەییەکان و خوێندکارەکانیان بە شێوەیەکی ئاسایی لە نزمترین ئاستدا بووە.

خەلیل رایدەگەیەنێت، "پێویستییەکی بەپەلە و بنەڕەتی هەیە بە چڕکردنەوە و پێشخستنی پەیڕەوی خوێندن بۆ ئەوەی توانای تەکنیکیی خوێندکاران بنیات بنێت. بەوەی کە بەرنامەی پەیڕەوی پێشەنگ لە کار (ECP) ئێستا بەشێکە لە پەیڕەوی ئەم قوتابخانە پیشەییانە، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هێنانەکایەی گۆڕانکارییەکی ئەرێنی."

بەڕێز بژار م. صالح، کە مامۆستای زانستەکانی کۆمپیوتەرە لە قوتابخانەی پیشەیی دهۆك، بەشداری کردووە لە بەرنامەی راهێنانی راهێنەران لە ئەم پاییزەدا. ئەو بەرنامەی پەیڕەوی پێشەنگی کار بە بناغەیەك دادەنێت بۆ سەرکەوتنی خوێندکارانی ئامادەیی پیشەیی دهۆك، ئەمەیش رەنگدانەوەی ویستی وەزارەتی پەروەردەیە لەوەی کە پەیڕەوی خوێندنی پیشەیی پێویست بە چاکسازی دەکات.

هەروەها رایدەگەیەنێت، "لە ئێستادا کەرتی پەروەردە زۆر چالاك و کارامە نییە. خوێندکاران پتر لە فێربوون و پێشخستنی تواناکانیان بەدوای بڕوانامەوەن. گەنجان بە کەمی پشتیوانی و رێنمایی دەکرێن، ئەمەیش سەرباری ئەوەی کە دەرفەتەکانی کار بە رێژەیەکی و کەم و سنوردار دەست دەکەون."

صالح لە ئەزموونی خۆی لەو راهێنانەدا دەڵێت، "وەك مامۆستایەکی جیاواز دەچمەوە قوتابخانە و، خولی راهێنان ئەنجام دەدەم و زیاتر جەخت دەخەمە سەر وانە کردارییەکان."

© 2020 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.