ئەم پەڕەیە چاپ بکە
شەممە, 26 تەمموز 2014 03:00

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق پیرۆزبایی له‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری تازه‌ی عیراق ده‌كات وهیوای به‌ئاشتی پێكهێنانی حكومه‌تیش ده‌خوازێت

به‌غداد، ٢٦ی ته‌موزی ٢٠١٤:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ پیرۆزبایی خۆی ئاراسته‌ی به‌ڕێز فوئاد مه‌عسومی سه‌رۆك كۆماری تازه‌هه‌ڵبژێردراوی عیراق و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و خه‌ڵكی عیراق ده‌كات. 

 

وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ی له‌سه‌ر "پشتگیری ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ سه‌رۆك كۆماری تازه‌ له‌ كاره‌كانیدا"، به‌ڕێز ملادینۆڤ وتی "له‌ راستیدا به‌ڕێز مه‌عسوم سه‌ركرده‌یه‌كی زۆر ناوداره‌ كه‌ به‌مه‌به‌ستی په‌ره‌دان به‌ دیموكراسی و هێنانه‌دی یه‌كڕیزی و روبه‌روبوونه‌وه‌ی تیرۆر ده‌توانێت گفتوگۆ له‌ نێوان هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراقدا سه‌رله‌نوێ ببوژێنێته‌وه". 

ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی "له‌ هه‌فته‌ی رابردوو و له‌كاتی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و دوو جێگره‌كه‌یدا،  قه‌واره‌ سیاسییه‌كان ئه‌وه‌یان نیشاندا كه‌ ده‌توانن بگه‌نه‌ رێككه‌وتن سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری تازه‌. ئه‌م هه‌له‌ پێویسته‌ له‌لایه‌ن گشت لایه‌نه‌كان بقۆزرێته‌وه‌. من دڵنیام و متمانه‌ی ته‌واویشم هه‌یه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ قه‌واره‌ سیاسییه‌كان و لایه‌نه‌كانی تردا هه‌وڵه‌كانی پێكهێنانی حكومه‌تی تازه‌ به‌گوێره‌ی كاتبه‌ندیی ده‌ستوور به‌ره‌وه‌ پێش ده‌بات ".