سێ شەممە, 22 تەمموز 2014 03:00

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق به‌خێرهاتنه‌وه‌ی سه‌رۆك تاڵه‌بانی ده‌كات و داواش له‌ په‌رله‌مان ده‌كات كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ جێگره‌وه‌ی تاڵه‌بانی هه‌ڵبژێرێت

به‌غداد، ٢٢ی ته‌موزی ٢٠١٤:- دوێنێ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكۆلای ملادینۆڤ نامه‌یه‌كی بۆ سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی نارد كه‌ تێیدا به‌خێرهاتنه‌وه‌ی به‌ڕێزیانی كردبوو بۆ عیراق  و چاكبوونه‌وه‌ی به‌په‌له‌ و ته‌واویشی بۆ خواستبوو. 

 

به‌ڕێز ملادینۆڤ وتی " هاتنه‌وه‌تان له‌ كاتێكی ناسكی وادایه‌ ‌‌ كه‌ چه‌ندان ته‌نگژه‌ی كه‌موێنه‌‌ به‌رۆكی عیراقیان گرتوه‌". 

ئه‌وه‌ هه‌ره‌وه‌ها وتی "ئه‌مڕۆش عیراق له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستی به‌ جێگره‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌یه‌ بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی گیروگرفته‌كان و چه‌سپاندنی ئاشته‌وایی له‌ نێوان پێكهاته‌كاندا به‌ هه‌مان ئه‌و گوڕوتینه‌ی‌ كه‌ به‌ڕێزتان له‌ ساڵانی رابردوودا نیشانتان دابوو". 

نوێنه‌ری به‌ڕێز ئه‌م هه‌له‌شی قۆزته‌وه‌ بۆ داواكردن له‌ لیسته‌ سیاسییه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانیشتنی رۆژی چوارشه‌مه‌ی ٢٣ ته‌موزدا بێ دواكه‌وتن جێگره‌وه‌ی سه‌رۆك تاڵه‌بانی هه‌ڵبژێرن. 

به‌ڕێز ملادینۆڤ زیاتر وتی "له‌ كاتێكدا كه‌ چه‌ند به‌شێكی وڵات له‌ ژێر ده‌ستی گرووپه‌ چه‌كداره‌كاندایه‌ و زیاتر له‌ ملیۆنێك خه‌ڵكی عیراق تووشی ده‌ربه‌رده‌ری بوون و كه‌مینه‌كانیش له‌ ماڵوحاڵی خۆیان وه‌ده‌ر ده‌نرێن، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی عیراق به‌یه‌كه‌وه‌ دانیشن بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراقدا".

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.