ئەم پەڕەیە چاپ بکە
دوو شەممە, 11 ئاب 2014 03:00

هه‌ردوو نوێنه‌ره‌ تایبه‌ته‌كه‌ی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، بانگورا و ملادینۆڤ، زۆر نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌و راپۆرتانه‌ی باس له‌ توندوتیژی سێكسی ده‌كه‌ن دژی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان

به‌غداد، ١١ی ئابی ٢٠١٤:-  ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكۆلای ملادینۆڤ و نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ توندوتیژی سێكسی له‌كاتی شه‌ڕدا، خاتو زه‌ینه‌ب هاوا بانگورا وتیان "ئێمه‌ زۆر زۆر نیگه‌رانین سه‌باره‌ت به‌و راپۆرتانه‌ی كه‌ باس له‌ توندوتیژی ده‌كه‌ن، به‌ ئی سێكیشه‌وه‌ ، دژی ژنان و كچان و كوڕانی كه‌مینه‌كانی عیراق ". 

 

وێڕای خستنه‌رووی ئه‌وه‌ی كه‌ "نزیكه‌ی ١٥٠٠ كه‌سی یه‌زیدی و كریستان رفێندراون و وه‌كو به‌نده‌ش مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت"، ئه‌و دوو نوێنه‌ره‌ وتیشیان "چه‌ندان راپۆرتی راچڵه‌كێنه‌رمان پێگه‌یشتووه‌ سه‌باره‌ت به كاری رفاندن و گرتنی ژنان و كچان و كوڕانی یه‌زیدی و كریستان و توركمان و شه‌به‌ك له‌گه‌ڵ راپۆرتی ئه‌نجامدانی ده‌ستدرێژیی قێزه‌ونی سێكسیش".  

وێڕای هاندانی هه‌موو لایه‌نه‌كانی شه‌ڕ بۆ پابه‌ندبوونیان به‌ په‌رسیارییان و پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی ، ئه‌وان زیاتر وتیان "ئێمه‌ به‌وپه‌ڕی توندییه‌وه‌ به‌ئامانجگرتنی ژنان و منداڵان و كاره‌ قێزه‌ونه‌كانی داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) دژی كه‌مینه‌كانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتیان ریسوا ده‌كه‌ین و وه‌بیر گشت گرووپه‌ چه‌كداره‌كانیش ده‌هێنینه‌وه‌ كه‌ كاری توندوتیژیی سێكسی نه‌ك هه‌ر پێشێلكردنی زه‌قی مافه‌كانی مرۆڤه‌ و بگره‌ به‌ تاوانی جه‌نگ و دژه‌مرۆڤایه‌تیش هه‌ژمار ده‌كرێت".  

لای خۆشییه‌وه‌، به‌ڕێز ملادینۆڤ داوای له‌ حكومه‌ته‌كانی ناوچه‌كه‌ و كۆمه‌ڵگای فراوانی نێوده‌وڵه‌تی كرد بۆ به‌په‌له‌ ئازادكردنی ئه‌و ژن و كچانه‌ و هه‌روه‌ها بۆ یارمه‌تیدانی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراقیش  له‌ پاراستنی خه‌ڵكی مه‌ده‌نی. 

له‌ كۆتاییدا ئه‌و دوو به‌ڕێزه‌ زیاتر وتیان "نوسینگه‌ی نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتی بۆ توندوتیژیی سێكسی له‌كاتی شه‌ڕ و هه‌روه‌ها نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان بۆ هاوكاریكردنی عیراق (یونامی) له‌ چاودێریكردنی ره‌وشی عیراق سه‌باره‌ت به‌ توندوتیژی سێكسی به‌رده‌وام ده‌بن بۆ دڵنیابوون له‌ په‌لكێشكردنی ئه‌نجامده‌ران و داكۆكیكردن له‌ پاڵپشتی بۆ رزگاربووانی ئه‌م هێرشه‌ دڕندانه‌یه‌ش‌".