چوار شەممە, 20 ئاب 2014 03:00

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ هوشداری ده‌دات سه‌باره‌ت به‌ زیادبوونی به‌ئامانجگرتنی كه‌مینه‌ی سوننه‌ له‌ پارێزگای به‌سڕه‌دا

به‌غداد، ٢٠ی ئابی ٢٠١٤:- وێڕای ده‌ربڕینی نیگه‌رانی زۆری خۆی سه‌باره‌ت به‌ توندوتیژییه‌كانی ئه‌مدواییه‌ دژی ئه‌ندامانی سوننه‌ له‌ پارێزگای به‌سڕه‌دا‌، ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ وتی " له‌راستیدا من به‌تایبه‌تی كاره‌كانی رفاندن و كوشتنه‌كانی  ئه‌مدواییه‌ی چه‌ندان ناوچه‌ی جیاوازی پارێزگای به‌سڕه‌ رایانچڵه‌كاندم". ‌ 

 

لای خۆشییه‌وه‌، به‌رپه‌رسی باڵای مافه‌كانی مرۆڤ له‌ یونامی، به‌ڕێز فرانسێسكۆ مۆتا" ش وتی"له‌ ٢٣ی حوزه‌یرانی ٢٠١٤ه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامی كاره‌كانی كوشتن و رفاندن لانیكه‌م ١٩هاوڵاتی سوننه‌ كوژراون و ١٩ی تریش برینداربوون. هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ی رووداوه‌كان له‌ راگه‌یاندندا باس نه‌كراون به‌ڵام هه‌ر كامێكیان له‌لایه‌ن (یونامی)یه‌وه‌، به‌هۆی چه‌ندان سه‌رچاوه‌وه‌، پشتڕاستكراونه‌تنه‌وه‌. به‌ڕاێ خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ش‌ هۆكاری ئه‌م رووداوانه‌ جگه‌ له‌ بیروباوه‌ڕ هیچی تر نییه‌. لای خۆشیه‌وه‌، حكومه‌ت ئه‌نجامده‌رانی وه‌ك "نادیار" ناوزه‌د كردووه‌ و تا ئێستاش هیچ كه‌سێكی له‌سه‌ر ئه‌م تاوانانه‌ ده‌سگیر نه‌كردووه‌".

به‌ڕێز مۆتا وتیشی "چه‌ند هه‌ره‌شه‌یه‌كی سه‌رچاوه‌ نادیاریش دژی هه‌ندێ مزگه‌وت و چه‌ند رێكخراوێكی دیاری سوننه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ داوای چۆڵكردنی به‌سڕه‌یان لێده‌كه‌ن ئه‌گه‌رنا روبه‌رووی مه‌رگ ده‌بنه‌وه‌. له‌م رۆژانه‌ی دواییشدا ماڵی هاوڵاتییانی سوننه‌ له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كی ئه‌بو خه‌سیبی پارێزگای به‌سڕه‌ به‌ پیتی "هین"دیاری كراون و گڵوپه‌كانی سه‌ر درگاكانیشیان به‌ ره‌ش بۆیه‌ كراون. له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هێرشانه‌ش ، چه‌ندان هاوڵاتی سوننه‌ به‌ره‌  به‌ره‌ ناوچه‌كه‌ جێده‌هێلن". 

وێڕای هاندانی ده‌سه‌ڵات بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م تاوانانه‌ی توندوتیژی و په‌لكێشكردنی تاوانباران بۆ به‌رده‌م یاسا، به‌ڕێز ملادینۆڤ وتیشی "من داوا له‌ ده‌سه‌ڵاتی به‌سڕه‌ ده‌كه‌م، به‌ پۆلیس و ئاسایشه‌وه‌، كه‌ بۆ توندوتۆڵكردنی رێوشوێنی ئاسایش چی له‌ده‌ستیان دێت بیكه‌ن بۆ پێشگرتن له‌ تاوان و هه‌ڕه‌شه‌ی زیاتر دژی كه‌مینه‌كان و هاوڵاتییان سوننه‌ش بێ پێچ و په‌نا له‌ پاراستن و سه‌لامه‌تییان دڵنیا بكه‌نه‌وه‌". 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.