ئەم پەڕەیە چاپ بکە
سێ شەممە, 01 تەمموز 2014 03:00

رێكخراوی جیهانیی خۆراك خواردن به‌سه‌ر خێزانه‌ راگوێزراوه‌كانی موسڵ دابه‌ش ده‌كات گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌ڵكشانی توند وتیژی له‌ موسڵ و شاره‌كانی ده‌وروبه‌ری له‌ باكووری عیراق ، هه‌زاران خه‌ڵك ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووه‌ و به‌دوای ئارامی ده‌گه‌ڕێن. عیسمه‌ت ئه‌حمه‌د پیاوێكی عیراقییه‌و  له‌ كۆتایی بیسته‌كانی ته‌مه‌نیه‌تی له‌و مانگه‌ی دوایی ماڵ و حاڵی خۆی له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌لبه‌كر له‌ شاری موسڵ جێهێشتووه‌ و رووبه‌رووی گه‌رمای به‌ گوڕ و داخستنی رێگاكان بوه‌وه‌ به‌ پیاده‌یی رێگای بڕیوه‌ و گه‌یشتۆته‌  شارۆچكه‌ی قه‌سرۆكی سه‌ربه‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌و شوێنه‌ی ئه‌و له‌گه‌ڵ ١٤ ئه‌ندامی تری خێزانه‌كه‌ی خانوویه‌كیان تێدا به‌كرێ گرتووه‌. 

 

قه‌سرۆك ، عیراق- عیسمه‌ت ئه‌حمه‌د له‌ بنكه‌ی لاوان له‌ قه‌سرۆك له‌ نۆره‌ی چاوه‌ڕوانی وه‌ستاوه‌ بۆ وه‌رگرتنی یارمه‌تی خۆراكی رێكخراوی جیهانیی خۆراك بۆ خۆی خێزانه‌كه‌ی . 

ئه‌و یه‌كێكه‌ له‌و ٩٠.٠٠٠ كه‌سه‌ی رێكخراوه‌كه‌ یارمه‌تی داوه‌ كه‌ له‌ ترسی توندو تیژی ناوه‌ڕاستی مانگی حوزه‌یران له‌ شاری موسڵ رایانكردووه‌. رێكخراوی خۆراكی جیهانی پلانی داناوه‌ له‌ هه‌فته‌كانی دادێ یارمه‌تی بگه‌یه‌نێته‌ ‌ ٢٠٠.٠٠٠ كه‌س كه‌ به‌هۆی ململانێكان ئاواره‌بوون . 

زۆربه‌ی كرداره‌كانی دابه‌شكرنی خۆراك له‌ ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراون  وێڕای دابه‌شكردنی خۆراك له‌ چه‌ند په‌ناگه‌ و چادرگه‌یه‌ك له‌ ده‌وروبه‌ری شاری موسڵ.  

 

رۆیشتن به‌ پێ له‌ شاری موسڵه‌وه‌ 

ئه‌حمه‌د وتی" ئێمه‌ زۆر  له‌ بۆمبارانی هه‌ڕه‌مه‌كی و مووشه‌كی فرۆكه‌ جه‌نگییه‌كان بۆ سه‌ر موسڵ ده‌ترساین. بۆیه‌‌ ماڵه‌كانمان و هه‌موو شتانه‌ی هه‌مان بوو جێهێشت" هه‌روه‌ها وتی " رێگاكانی چوار ده‌ورمان داخرابوون بۆیه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانمان ماوه‌یه‌كی دوور رۆیشتین و چه‌ندین كیلۆمه‌ترمان بڕی . جگه‌ له‌ جله‌كانمان و چه‌ند شتێكی تری ساده‌ كه‌ كه‌ ده‌توانرا هه‌ڵبگیرێت هیچی ترمان پێ نه‌بوو"  

ئه‌حمه‌د به‌ ده‌م وه‌رگرتنی به‌شه‌ خۆراكی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی له‌ بنكه‌ی لاوان قسه‌ی بۆ ئێمه‌ ده‌كرد ، ئه‌و به‌شه‌ خۆراكه‌ی وه‌ری گرتبوو بریتی بوو ئاردی گه‌نم و برنج و رۆنی گیایی و پاقله‌ی له‌ قوتوو كراو و چه‌ند بابه‌تێكی تر. ئه‌م بڕه‌ خۆراكه‌ به‌شی مانگێكی خۆی خێزانه‌كه‌ی ده‌كات.  

ئه‌حمه‌د له‌ درێژه‌ی قسه‌كانی وتی" دوای ئه‌وه‌ی موسڵمان جێهێشت گه‌یشتینه‌ خاڵێكی پشكنین له‌وێ سواری ئۆتۆمبێلێك بووین و گه‌یشتینه‌ ئێره‌ . خێزانه‌كه‌م و دایك و خێزانی خوشكه‌كه‌م هه‌موویان له‌گه‌ڵ مندا هاتن . ئێمه‌ ١٥ كه‌سین هه‌موومان لێره‌ین خانوویه‌كی بچووكمان به‌ كرێ گرتووه‌" .  

 

تامه‌زرۆی گه‌ڕانه‌وه‌ 

سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ قه‌سرۆك خواردنی تاڕاده‌یه‌كی باش بۆ خۆی و خێزانه‌كه‌ی وه‌رده‌گرێت به‌ڵام ئه‌حمه‌د هێشتاش سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی هه‌ر نیگه‌رانه‌.  

ئه‌و وتی"ئه‌م یارمه‌تییه‌ زۆر باش و به‌سووده‌ و ئێمه‌ش سوپاسگوزارین. ئێستا خانه‌واده‌كه‌م  چاوه‌ڕێی من ده‌كه‌ن خواردنیان بۆ به‌رم. من نازانم كه‌ چه‌ند لێره‌ ده‌مێنینه‌وه‌ به‌ڵام بارودۆخی شاره‌كه‌م به‌ره‌و خراپی ده‌چێت چونكه‌ نه‌ كاره‌با و نه‌ ئاو و نه‌خواردن هه‌یه‌. تاكه‌ ئاواتم گه‌ڕانه‌وه‌ی خوم و خێزانه‌كه‌مه‌ بۆ ژیانی ئاسایی پێشوومان له‌ حه‌ی ئه‌لبه‌كر".  

 

به‌هاناوه‌چوونی رێكخراوی جیهانیی خۆراك به‌ ژماره‌ 

سه‌ره‌ڕای دژواریی بارودۆخه‌كه‌ و جوڵه‌ی به‌رده‌وام  و شوێنگۆڕكێی ئاواره‌كان، كه‌چی دابه‌شكردنی خوراكی رێكخراوی جیهانیی خۆراك  نزیكه‌ی ٩٠ هه‌زار ئاواره‌ی گرتووه‌ته‌وه‌ كه‌ ناوڕاستی مانگی حوزه‌یران له‌ده‌ست توندوتیژی  له‌ موسڵ هه‌ڵهاتبوون. 

پێش ئه‌م لێشاوه‌ی دواییش كه‌ توندوتیژی سه‌ره‌تا له‌ موسڵ ده‌ستی پێكرد، ئه‌و رێكخراوه‌ پێشتریش یارمه‌تی ده‌گه‌یا‌نده‌ نزیكه‌ی ٢٤٠ هه‌زار كه‌س كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی پارێزگای ئه‌نباری عیراقه‌وه‌ ئاواره‌ ببوون له‌گه‌ڵ ١٠٠ هه‌زار په‌ناهنده‌ی تری شه‌ڕی سوریاش كه‌ ئێستا له‌ عێراقن. 

به‌سه‌دان هه‌زار كه‌س به‌هۆی ئه‌م قه‌یرانه‌وه‌ تووشی ده‌ربه‌ده‌ری بوون كه‌ هه‌ندێكیان له‌ دۆخێكی زۆر قورس و دژواردا له‌ ده‌وروبه‌ری موسڵ و له‌ ناوچه‌ پڕمه‌ترسییه‌كاندا ئاواره‌ بوون و هه‌ندێكیشیان هه‌ر پێشتر و دوای كزبوونی شه‌ڕ بۆ ناوچه‌كانیان گه‌ڕابوونه‌وه. 

له‌ هه‌فته‌كانی داهاتووشدا ئه‌م رێكخراوه‌ پلانی فراوانكردنی كرده‌ مرۆییه‌كانی هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خزمه‌ته‌كانی بگاته‌ زیاتر له‌ ٢٠٠ هه‌زار ئاواره‌ ‌. 

كاری دابه‌شكردنی یارمه‌تیش له‌ هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی له‌رێگه‌ی هاوبه‌شكارانی وه‌ك رێكخراوه‌كانی "ئاكتد" و "رێكخراوی جیهانیی كۆچ"ه‌وه‌ هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه‌ ". له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌، كارمه‌ندانی ئه‌م رێكخراوه‌ خواردن بۆ پارێزگاكانی بابل و كه‌ربه‌لاش ده‌نێرن . 

 

زانیاری زیاتر

  • Agency: WFP