شەممە, 30 ئاب 2014 03:00

له‌ دوایین شه‌پۆلى ئاواره‌بووندا زیاتر له‌ 850,000 كه‌س ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون گرنگ

نزیكه‌ى 1,800,000 كه‌س ئاواره‌بوون له‌ عیراق له‌ سالى 2014

هه‌ولێر، 30/8/2014 - حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پڕۆسه‌یه‌كى هاوبه‌شیان ئه‌نجامدا به‌ مه‌به‌ستى زانینی ژماره‌ى سه‌ره‌تایى ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، و ده‌ركه‌وت كه‌ هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاى ساڵى 2014 تاكو ئێستا نزیكه‌ى 850,000 كه‌س له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى عیراق بۆ هه‌رێمى كوردستان ئاواره‌بوون، به‌شى زۆرى ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ پارێزگاى دهۆك نیشته‌جێبوونه‌ كه‌ رێژه‌ى 64% له‌ كۆى ژماره‌ى ئاواره‌كان پێكده‌هێنێت.

له‌ كۆى 1,800,000 ئاواره‌ له‌ عیراقدا، زیاتر له‌ 600,000 ته‌نها له‌ مانگى ئابدا ئاواره‌بوون. ئه‌و زیادبوونه‌ هۆكارى سه‌رهه‌ڵدانى توندوتیژی و ناجێگیرى بارودۆخى ئه‌منى له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانى عیراقدا به‌ تایبه‌تى له‌ پارێزگاكانى نه‌ینه‌وا، دیاله‌ و ئه‌نبار.

دوایین ژماره‌كانى كۆكراونه‌ته‌وه‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ژێر سه‌رپه‌رشتى وه‌زیرى پلاندانان و رێكخراوى كۆچى جیهانى (IOM) ده‌ریان خستووه‌ كه‌ ئاواره‌كان له‌ زیاتر له‌ 1000 شوێن له‌ هه‌رێمى كوردستانى عیراقدا نیشته‌جێكراون. 

هاتنى زیاتر له‌ 850,000 كه‌س بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌ دواى هاتنى نزیكه‌ى 226,000 په‌ناهه‌نده‌ى سوورى كه‌ له‌ لایه‌ن رێكخراوى په‌نابه‌رانى جیهانى (UNHCR) تۆماركراون، و نزیكه‌ى 325,000 كه‌س له‌ ناوچه‌كانى عیراقه‌وه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان به‌ر له‌ 2014 كه‌ كۆى گشتیان ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 1,400,000 كه‌س،  ئه‌مه‌ش بێ گومان بارگرانیه‌كى زۆر ده‌خاته‌ سه‌ر خه‌ڵك و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان. 

پارێزگاى دهۆك به‌ هه‌ر 7 قه‌زاكه‌یه‌وه‌ زیاتر له‌ نیو ملیۆن ئاواره‌ له‌ خۆده‌گرێت كه‌ پێویستیان به‌ شوێنى حه‌وانه‌وه‌، خواردن، ئاو، ده‌رمان و پاراستن هه‌یه‌ دواى ئه‌وه‌ى رێكخراوى تیرۆرستى داعش قه‌زاى شه‌نگال و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ترى داگیركرد. ته‌نها له‌ مانگى ئابدا، 89% ى كۆى ئاواره‌كان بۆ هه‌رێمى كوردستان روویان له‌ پارێزگاى دهۆك كردووه‌. 

به‌هۆى خێرایى و كه‌وره‌یى قه‌باره‌ى ئه‌م شه‌پۆڵانه‌ى ئاواره‌بوون و دابه‌شبوونیان به‌سه‌ر زۆر شوێنى جیاجیا له‌ هه‌رێمى كوردستان، پڕۆسه‌ى ژماردنى ئاواره‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و رێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كارێكى ئه‌سته‌م بوو. هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌نجامدانى پڕۆسه‌ى ژماردن له‌ 10 رۆژى رابردوودا ژماره‌یه‌كى نزیك له‌ ژماره‌ى راسته‌قینه‌دا خسته‌ به‌رده‌ست، به‌ڵام وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌رنامه‌ى داڕشتووه‌ بۆ ئه‌نجامدانى پرۆسه‌ى (سه‌رژمێرى سه‌رتاسه‌رى ئاواره‌كان و په‌ناهه‌ندان له‌ هه‌رێمى كوردستان) له‌ چه‌ند مانگى داهاتودا بۆ به‌ ده‌ستهێنانى داتاى ته‌واو له‌ ژماره‌ و پێداویستیه‌كانى ئاواره‌كان. ئه‌م پرۆسه‌یه‌ش به‌ هاوكارى ته‌واوى دارایى و ته‌كنیكى رێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌نجام ده‌درێت. 

له‌ باره‌ى ئه‌م پڕۆسه‌یه‌وه‌، د. على سندى، وه‌زیرى پلاندانان رایگه‌یاند كه‌ "ئه‌مه‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوه‌ كه‌ زۆر كرنگه‌ بۆ دابینكردنى پێداویستیه‌ سه‌ره‌كییه‌كانى ژیان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ ره‌وشێكى زۆر دژواردان. ئێمه‌ له‌ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌رقاڵى هه‌ڵسه‌نگاندنى بارودۆخه‌كه‌ین بۆ دیاریكردنى ئه‌وه‌ى له‌ تواناماندایه‌ له‌گه‌لأ هاوكارانمان ئه‌نجامى بده‌ین. له‌ چه‌ند هه‌فته‌ى داهاتوودا، ستراتیجیه‌تێكى ته‌واو روونمان ده‌بێت به‌ڵام راستیه‌كه‌ى ئه‌ركه‌كان زۆر سه‌خته‌. له‌ ئێستادا به‌رده‌وام ده‌بین له‌ دروستكردنى كه‌مپ بۆ زۆرترین ژماره‌ى ئاواره‌كان".

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان هاوكارى حكومه‌تى عیراق و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات له‌ دابینكردن و گه‌یاندنى هاوكارى به‌ په‌له‌ بۆ ئاواره‌كان، و هه‌وڵه‌كانى چڕتر كردووه‌ بۆ دابینكردنى پێداویستیه‌كان بۆ ئاواره‌كان له‌ سه‌رتاسه‌رى عیراق.

كێڤن كه‌نه‌دى، جێگرى رێكخه‌رى كاروبارى مرۆیى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق ده‌ڵێت: "ئه‌مه‌ ئه‌ركێكى سه‌خته‌، و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و هاوبه‌شه‌كانى له‌ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان به‌ ته‌واوى  پابه‌ندن به‌ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنى ئه‌م بارودۆخه‌. هه‌زاران ته‌ن هاوكارى گه‌یندراوه‌ بۆ ئاواره‌كان و سه‌دان كارمه‌ندى UN گه‌یشتوون بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌م قه‌یرانه‌ى ئیستاى عیراقدا. پێشكه‌شكردنى هاوكارى مرۆیى كارێكى ئاسان نییه‌ له‌ عیراق له‌به‌ر بارودۆخى ئه‌منى، و گه‌وره‌یى قه‌باره‌ى ئاواره‌بوون، به‌ڵام حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ رێگاى هاوكارى بێ وێنه‌ و له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى كردنى كاره‌كان زۆر یارمه‌تیمان ده‌دات. ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئاواربوون هاوشێوه‌ی كۆڕه‌وى ساڵى 1991 سه‌خت و دژواره‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك به‌ هه‌ستێكى لێپرسراویه‌تى به‌ده‌نگه‌وه‌ى بێت به‌مه‌به‌ستى رێكخستن و گه‌یاندنى یارمه‌تی مرۆیی پێویست". 

 

نه‌خشه‌ى دابه‌شبوونى ئاواره‌كان له‌ عیراق  2014

 

ژماره‌ى ئاواره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان 

پارێزگا    ژماره‌ى ئاواره‌كان له‌ ئابى 2014   رێژه‌ى سه‌دى ئاواره‌كان له‌ ئابى 2014   كۆى ژماره‌ى ئاواره‌كان له‌ سه‌ره‌تاى 2014 تا ئێستا رێژه‌ى سه‌دى ئاواره‌كان له‌ سه‌ره‌تاى 2014 تا ئێستا
دهۆك  418,986   89% 543,384  64%
هه‌ولێر 42,276   9% 170,544  20%
سلێمانى 11,166   2% 136,920  16%
كۆى گشتى 472,428  100% 850,848  100%

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.