سێ شەممە, 16 ئەیلول 2014 09:21

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كۆنگره‌ی ئاشتی و ئاسایش سه‌باره‌ت به‌ عیراق : نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئاماده‌یه‌ بۆ هه‌ماهه‌نگیی پشتگیری سه‌باره‌ت به‌ عیراق

به‌غدا، ١٥ی ئه‌یلولی ٢٠١٤:- ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ ئاماده‌ی كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تیی پاریس بوو سه‌باره‌ت به‌ ئاشتی و ئاسایشی عیراق. 

 

له‌  وته‌یه‌كیشدا كه‌ به‌ناوی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ پێشكه‌شی كرد، به‌ڕێز ملادینۆڤ داوای له‌ وڵاتانی ئه‌ندام كرد بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌ هه‌مبه‌ر پابه‌ندبوون به‌و ئابڵۆقانه‌ی كه‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان به‌ گوێره‌ی بڕیاری ٢١٧٠ی‌ ساڵی ٢٠١٤ دایناون و داوای گرتنه‌به‌ری رێوشوێنیشی كرد بۆ پێشگرتن له‌ به‌شداریكردنی جه‌نگاوه‌رانی بیانی و دابینكردنی دارایی و یارمه‌تییه‌كانی تر بۆ ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان له‌ عیراق و سوریا هه‌روه‌ك چۆن داوای دادگاییكردنی ئه‌نجامده‌ران و رێكخه‌ران و سه‌رپه‌شتیارانی كاره‌ تێروریسته‌ قێزه‌ونه‌كانیشی كرد كه‌ له‌ خانه‌ی تاوانی جه‌نگ و تاوانی دژه‌ مرۆییدان. 

وێڕای ئاماژه‌كردنی  به‌وه‌ی‌ كه‌ په‌ره‌دان به‌ سازانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی ئیسلامییه‌ توندڕه‌وه‌كان پێویسته‌ به‌ یاسا و رێسای نێوده‌وڵه‌تی به‌ڕێوه‌ببرێت كه‌ رێز له‌ پاراستنی مه‌ده‌نییان ده‌گرێت، به‌ڕێزیان وتیان "ته‌نها چاره‌سه‌ری سه‌ربازی به‌س نییه‌ به‌ڵكوو پرۆسه‌ی سیاسی و نه‌خشه‌رێگای گشتگر بۆ به‌شداریپێكردنه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌ پرۆسه‌ی بڕیارداندا هه‌ر به‌گرنگی ده‌مێنێته‌وه‌. ئه‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد كه‌ پێویسته‌ هۆكاره‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی توندوتیژی تاوتوێ بكرێن و به‌ گوێره‌ی كۆمه‌ڵێك چاكسازیش، كه‌ ببنه‌ مایه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ نیگه‌رانییه‌ ره‌واكانی كۆمه‌ڵگاكان بێ جیاوازی، چاره‌سه‌ر بكرێن.  

به‌ باسكردنی ئه‌و ڕاستییه‌شی كرد كه‌ "كه‌ پێویسته‌ خه‌ڵكه‌ ناڕازییه‌كان به‌تایبه‌تیش  ئه‌وانه‌ی ئێستا له‌ ناوچه‌كانی شه‌ڕدان بهێنرێنه‌وه‌ ناو پرۆسه‌ی دیموكراسی و سیاسی"، به‌ڕێز ملادینۆڤ وتیشی "هه‌ر بۆیه‌ پێكهێنانی حكومه‌تێكی گشتگری بنكه‌فراوان هه‌نگاوێكی گرنگ بوو". 

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندیی عیراق له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا، به‌ڕێز ملادینۆڤ وتی "ئه‌مڕۆ عیراق و دراوسێكانی هه‌لێكی زێڕینی پێشترنه‌بینراویان بۆ ره‌خساوه‌ بۆ سه‌رله‌نوێ پته‌وكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌ دوقۆڵییه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندی و هاوبه‌شكاریی دولایه‌نه‌. ئه‌و ده‌ستخۆشی له‌ بڕیاری كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی "جیدده"‌ش كرد كه‌ تێیدا ئه‌نجومه‌نی هاریكاری وڵاتانی كه‌نداو و میسر و عیراق و ئه‌رده‌ن و لوبنان و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا پابه‌ندیی هاوبه‌شی خۆیان بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرور راگه‌یاند. 

پێش كوتاییهینان به‌ وتاره‌كه‌شی ، به‌ڕێز ملادینۆڤ ئه‌و هه‌له‌ی بۆ هاندانی ئه‌ندامه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی قۆسته‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ كاركردنی چڕوپڕیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بۆ فراوانكردنی سه‌قامگیری و گه‌یاندنی یارمه‌تی پێویست به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان. ئه‌و زیاتر له‌سه‌ری رویشت و وتی "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌وكان له‌ دۆخی ئاماده‌باشیدا ده‌بێت بۆ پشتگیریكردنی عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیكردنی هه‌وڵه‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و دارایی و مرۆییه‌ پێویسته‌كان بۆ تاوتوێكردنی ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا و به‌رده‌وامیش ده‌بێت له‌ هەموو هەوڵێک بۆ یارمه‌تیدانی حكومه‌تی عیراق له‌ گرتنه‌به‌ری گفتوگۆی نیشتمانی و ئاشته‌وایی راسته‌قینه‌ و دابینكردنی یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان و پشتگیریكردنی بوژانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوری و په‌ره‌پێدان و به‌هێزكردنی به‌شداربوونی وڵات له‌گه‌ڵ دراوسێیه‌كانی له‌ ناوچه‌كه‌دا". 

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.