پێنج شەممە, 25 ئەیلول 2014 11:12

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق كوشتنی خاتو سه‌میره‌ ئه‌لنوعه‌یمی پارێزه‌ری مافه‌كانی مرۆڤ ریسوا ده‌كات

به‌غدا، ٢٥ی ئه‌یلولی ٢٠١٤:- دوای زانینی گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دان و كوشتنی  دڕندانه‌ی  خاتو ئه‌لنوعه‌یمی له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆی،  نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ وتی "كوشتنی خاتو سه‌میره‌ ئه‌لنوعه‌یمیی پارێزه‌ری به‌ناوبانگی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ موسڵ به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ تاوانێكی قێزه‌ونی‌ تری‌ داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام)ه‌ دژی خه‌ڵكی عیراق". 

 

ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی "سه‌رخۆشی گه‌رم و پڕبه‌دڵی خۆم ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی ئه‌و خاتوونه‌ و هه‌زاران قوربانی تری تاوانه‌كانی داعش ده‌كه‌م"

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی "یونامی"ش، خاتو ئه‌لنوعه‌یمی له‌ ١٧ی ئه‌یلول له‌ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ گیرا دوای ئه‌وه‌ی له‌ لاپه‌ڕه‌ی فێیسبوكی خۆی ره‌خنه‌ی له‌ وێرانكردنی شوێنه‌ ئاینی و كه‌لتوریییه‌كان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ گرتبوو. ئه‌و له‌لایه‌ن ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت "دادگای شه‌رعی"یه‌وه‌ تۆمه‌تی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ی درابووه‌ پاڵ. دوایش بۆ ماوه‌ی ٥ رۆژی تر گرتنه‌كه‌ی درێژكرایه‌وه‌ و له‌و ماوه‌یه‌شدا و پێش كوشتنه‌كه‌ی به‌به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه‌ بۆ ناچاركردنی له‌سه‌ر په‌شێمانبونه‌وه ‌ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر درابوو. 

به‌ڕێز ملادینۆڤ وتیشی "به‌ ئازاردان و كوشتنی خانمه‌پارێزه‌ر و چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ، كه‌ داكۆكی له‌ مافه‌ مرۆیی و مه‌ده‌نییه‌كانی هاوڵاتییانی مۆسڵ ده‌كرد، داعش سه‌لماندی  كه‌ له‌سه‌ر سروشتی قێزه‌ون و رق و كینه‌ و دڕندایه‌تی و بێبه‌هاكردن و پشتگوێخستنی ته‌واوی شكۆی مرۆیی هه‌ر به‌رده‌وامه‌. له‌ راستیدا، داعش له‌ ئه‌نجامدانی كاری دڕندانه‌ و ترسنۆكانه‌ و پیس و بوگه‌نه‌كانی به شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وام خه‌ڵكی لاواز و بێدیفاعی كردووه‌ته‌ ئامانج و ئه‌وتاوانانه‌ش بوونه‌ته‌ مایه‌ی هێنانی ئازار و نه‌هامه‌تییه‌كی زۆر بۆ هه‌موو عیراقییه‌كان به‌ده‌ر له‌ ره‌گه‌ز و ته‌مه‌ن و ئاین و بیروباوه‌ڕ و نه‌ته‌وه‌".  

ئه‌و له‌ كۆتاییدا وتی "من داوا له‌ حكومه‌تی عیراق و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌م بۆ ئه‌وه‌ی شێلگیرانه‌ روبه‌رووی هه‌ره‌شه‌كانی داعش ببنه‌وه‌ كه‌ بۆ سه‌ر ئاشتی و سه‌قامگیریی هه‌موو عیراقییه‌كان مه‌ترسین و هه‌رچی له‌ده‌ستیشیان دێت بیكه‌ن بۆ دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ تاوانباران به‌سزای ره‌وای خۆیان ده‌گه‌ن". 

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.