پێنج شەممە, 16 تشرینی یەکەم 2014 11:10

به‌بۆنه‌ی رۆژی كراوه‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ژماره‌ ١٣٢٥ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای جێبه‌جێكردنی پلانی كارپێكردنی نیشتمانی ده‌كات

به‌غداد، ١٥ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٤:- ئه‌مڕۆ به‌بۆنه‌ی بڕیاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی ژماره‌ ١٣٢٥، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ به‌شداری له‌ كۆڕبه‌ندێك كرد كه‌ له‌ باره‌گای یونامی رێكخرابوو كه‌ تێیدا نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و سه‌ركرده‌ ژنه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆی گه‌رم سه‌باره‌ت به‌ كۆمه‌ڵێك بابه‌تی په‌یوه‌ست به‌ گه‌شه‌پێدانی مافه‌كانی ژنان و یه‌كسانیی جێنده‌رییه‌وه‌ بانگهێشت كرابوون. 

 

به‌ڕێزیان له‌مباره‌وه‌ وتیان "هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری زیاتر له‌نێوان حكومه‌تی عیراق و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیدا پێویسته‌ بۆ جێبه‌جێكردنی پلانی كارپێكردنی نیشتمانی سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌گه‌ڵ پابه‌ندییه‌كانی تری وه‌ك په‌یمانی قه‌لاچۆكردنی هه‌موو جۆره‌ جیاكارییه‌كانی دژی ژنان (سیداو) و ستراتیژی نیشتمانی بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ژنان". ئه‌و زیاتر وتیشی پێشبینی ده‌كرێت كه‌ چه‌قی گفتوگۆی كراوه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش به‌ بۆنه‌ی ١٤هه‌مین ساڵیادی بڕیاری ١٣٢٥ه‌وه‌ له‌ كۆتایی ئه‌م مانگه سه‌رباسی " ئاواره‌كردنی زۆره‌ملێی ژنان" بێت.  

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ ، كۆڕبه‌ندی كراوه‌ بۆنه‌یه‌ك بوو بۆ گفتوگۆی راشكاوانه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌ندان بابه‌تی وه‌ك پشتگیریكردن له‌ دامه‌زراندنی ژنان له‌ پێگه‌ باڵاكانی حكومه‌تدا و به‌ره‌وپێشبردن و گه‌شه‌پێدانی رۆژنامه‌نووسی مێیینه‌ و پاراستنی ژنه‌ ئاواره‌كان . به‌ڕێز ملادینۆڤ هانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی  و رێكخراوه‌كانی ژنانی دا بۆ هه‌ماهه‌نگیی باشتر له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كاندا له‌ پێناو دابینكردنی پێویستییه‌ مرۆییه‌ به‌په‌له‌كانی ئاواره‌كان و هاوبه‌شكردنی ده‌ره‌ئه‌نجامه‌كانی پێشێلكارییه‌كانی مافه‌كانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ نوسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان وه‌ك ئه‌و توندوتیژییه‌ سێكسیانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) و گرووپه‌ وابه‌سته‌كانییه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێن.  

له‌كۆتاییدا، به‌ڕێز ملادینۆڤ به‌شدارانی له‌وه‌ دڵنیاكرده‌وه‌ كه‌ "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان بۆ پشتگیریكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی هه‌ر پابه‌ند ده‌بێت له‌ پێناو دڵنیابوون له‌وه‌ی كه‌ پابه‌ندییه‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ به‌ره‌وپێشبردنی مافه‌كانی ژنان جێبه‌جێكراون".  

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.