چوار شەممە, 26 تشرینی دووەم 2014 15:19

ژن و كچه‌ گیراوه‌كانی ده‌ست گروپی تیرۆریستی داعش برینی هه‌رگیز ساڕێژنه‌بووی عیراقن

به‌غدا، ٢٦ی تشرینی دووه‌می ٢٠١٤:- سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یاندنی هه‌ڵمه‌تی ١٦ رۆژه‌ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانی دژی ژنان له‌ ٢٥ی تشرینی دووه‌م تا ١٠ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٤، كه‌ تێیدا،  نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ، وێڕای ده‌ربڕینی پابه‌ندیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ داكۆكیكردنی به‌رده‌وام بۆ ئازادكردنی ژن و كچه‌ رفێندراوه‌كان و پشتگیریكردنی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق بۆ گێڕانه‌وه‌یان بۆ باوه‌شی خێزانه‌كانیان،  وتی "هه‌موو بیروهۆشم به‌تایبه‌تی لای ئه‌و رۆژه‌یه‌ كه‌ تێیدا سه‌دان ژن و كچ له‌لایه‌ن گروپی تیرۆریستییه‌وه‌ رفێندران و ئێستا دووچاری سوكایه‌تپێكردن و كاره‌ساتی دژواری له‌رادبه‌ده‌ر بوونه‌ته‌وه‌. له‌ راستیدا ئه‌وان برینی ساڕێژنه‌بووی عیراقن".

 

ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی "له‌ راستیدا هه‌وڵی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی حكومه‌تی عیراق و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ توندوتیژیی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ری مایه‌ی ده‌ستخۆشین به‌ڵام من به‌ تایبه‌تی داوا له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ په‌یوه‌ندداره‌كان  ده‌كه‌م بۆ دروستكردنی په‌ناگه‌ی ئارام بۆ رزگاربووانی توندوتیژی و دڵنیابوونیش له‌وه‌ی كه‌ دادپه‌وه‌ری له‌ئارادایه‌ و ئه‌نجامده‌رانی توندوتیژییه‌كانی دژی ژنانیش بۆ وه‌رگرتنی سزای ره‌وای خۆیان په‌لكێشی دادگا ده‌كرێن ".  

وێڕای به‌توندی پێداگرتنی له‌سه‌ر ده‌ركردنی یاسایه‌ك  بۆ باشتر پاراستنی ژنان و كچان له‌ توندوتیژیی سێكسی له‌گه‌ڵ چه‌ند بڕگه‌یه‌كیش بۆ ته‌رخانكردنی دارایی ته‌واو بۆ پشتگیریكردن له‌ جێبه‌جێكردنی راسپارده‌كانی "ستراتیژی نیشتمانی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان و رێككه‌وتننامه‌ی بنبڕكردنی هه‌موو جۆره‌كانی جیاكاری دژی ژنان (سیداو)" و جێبه‌جێكردنی "پلانی كارپێكردنی نیشتمانی" بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری ژماره‌ ١٣٢٥ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان، به‌ڕێز ملادینۆڤ ئاماده‌یی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیشی ده‌ربڕی بۆ پێشكه‌شكردنی یارمه‌تیی ته‌كنیكی و ئه‌نجامدانی تواناسازی و دابینكردنی سه‌رچاوه‌ی پێویست بۆ پشتگیریكردن له‌ هه‌وڵه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی حكومه‌تی عیراق و په‌یوه‌نددارانی تر له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژیی دژی ژنان و كچاندا.  

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.