یەک شەممە, 01 شوبات 2015 10:27

نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق له‌ هه‌فته‌ی سازان له‌ نێوان ئاینه‌كاندا: پێویسته‌ سه‌ركرده‌ عیراقییه‌كان كار له‌سه‌ر ئاشته‌وایی نیشتمانی و ته‌حه‌دییه‌كانی هه‌ژاری و سه‌روه‌ریی یاسا و گه‌شه‌پێدان بكه‌ن

به‌غداد، ٣١ی كانونی دووه‌می ٢٠١٥:- ئه‌مڕۆ نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق نیكولای ملادینۆڤ به‌شداری له‌ رێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی هه‌فته‌ی سازان له‌ نێوان ئاینه‌كاندای كرد  كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای ئیسلامی عیراقی و ده‌زگای حه‌كیمه‌وه‌ رێكخرابوو. شایانی باسیشه‌ ئه‌م جۆره‌ چالاكییه‌ ساڵانه‌ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهاندا له‌ هه‌فته‌ی یه‌كه‌می مانگی شوباتدا ئه‌نجام ده‌درێت.  

به‌ڕێز ملادینۆڤ له‌ وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ به‌و پێیه‌ی عیراق بێشكه‌ی ئاینه‌كان و بگره‌ پێغه‌مبه‌ره‌كانیشه‌ شوێنێكی تایبه‌تی له‌ مێژووی ئاینی جیهانیدا هه‌یه‌ و ئه‌مه‌و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش كه‌ پێكه‌وه‌ژیان و سازانی ئاشتییانه‌ له‌ نێوان ئیسلام و ئاینه‌كانی تردا  زۆر به‌ ئاشكرا له‌م وڵاته‌ هه‌ستی پێده‌كرێت. 

به‌ڕێزیان وتیان "ئه‌م كۆنفرانسه‌ ساڵانه‌یه‌ی ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا ده‌به‌سترێت كه‌ عیراق دووچاری هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیی تیرۆر و توندوتیژی و شه‌ڕی تایه‌فی بووه‌ته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌م چالاكییه‌ هه‌لێكی باشه‌ بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌ره‌شه‌كانی سه‌ر كه‌لتوری لێبورده‌یی و سازان و پێكه‌وه‌ژیان ".    

وێڕای داننان به‌وه‌ی‌ كه‌ "عیراق به‌ره‌وه‌ دۆزینه‌وه‌ی هۆكاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی توندوتیژی و جێبه‌جێكردنی كارنامه‌ی یه‌كگرتن و به‌شداریپێكردنی گشتگرانه‌ هه‌نگاو ده‌نێت"، به‌ڕێزیان ده‌ستخۆشیشیان له‌ بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی حكومه‌تی عیراق كرد بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌نگۆی كۆمكوژی له‌ پارێزگای دیاله‌ كه‌ ئه‌م بڕیاره‌ش به‌ڵگه‌ی‌ ئاره‌زومه‌ندیی حكومه‌تی عیراقه‌ بۆ هێنانه‌دی سه‌روه‌ریی یاسا و پاراستنی ژیانی هاوڵاتییان و هه‌روه‌ها دڵنیابوونیش‌ له‌وه‌ی كه‌ لێقه‌وماوانی ده‌ست شه‌ڕی داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام) ده‌توانن به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌لامه‌ت و ئارام بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان.  

ئه‌و، وێڕای دانی به‌ڵێنی كاركردنی پێكه‌وه‌ییانه‌ی  نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌وكان و حكومه‌تی عیراق،    وتیشی "شانبه‌شانی پشتگیریی جیهانی بۆ عیراق له‌شه‌ڕی داعشدا، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش به‌هه‌مان شێوه‌ پشتگیری خۆی ده‌ربڕیوه‌ له‌گه‌ڵ هه‌نگاونانیش بۆ یارمه‌تیدانی عیراق بۆ هه‌ڵسانه‌وه‌ و سه‌رله‌نوێ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ‌ ئه‌و ناوچانه‌ی كه‌ له‌ده‌ست داعش رزگار ده‌كرێن".  

ئه‌و له‌ كۆتاییدا وتی "گرنگتری شت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانی عیراق كار له‌سه‌ر ئاشته‌وایی نیشتمانی و ته‌حه‌دییه‌كانی هه‌ژاری و هێنانه‌دی سه‌روه‌ریی یاسا و گه‌شه‌پێدان بكه‌ن و هه‌روه‌ك چۆن پێویستیشه‌ چاره‌سه‌رێكی درێژخایه‌ن و بنبڕ بۆ ژماره‌ی  به‌ لێشاوی ئاواره‌ ناوخۆییه‌كان بدۆزنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پاراستی یه‌كییه‌تی خاكی عیراق و سیسته‌مه‌ دیموكراسییه‌كه‌شی". 

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.