دوو شەممە, 23 شوبات 2015 16:54

عیراق: ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان توندوتیژییە تایەفەگەرییەکانی دژی مافی مرۆڤ بە دۆکومێنت دەکات

(بەغدا/جنێف ) ٢٣/شوبات/٢٠١٥ –  لە ڕاپۆرتێکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە ڕۆژی دووشەممە دەرچوو، توندوتیژییە تایەفەگەرییەکانی دژی مافی مرۆڤ لە عیراق بە دۆکومێنت دەکرێت. هەروەها باس لە لاوازبوونی سەروەری یاسا لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە دەکات. 

 

ئەو ڕاپۆرتە بە هەماهەنگی لە نێوان نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عیراق (یونامی) و نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەرچووە و چەندین بەڵگە لە ماوەی نێوان ١١ی ئەیلول تا ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ دەخاتەڕوو. 

 ڕاپۆرتەکە توندوتیژی ترسناکی دژبە یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە ماوەی ئەو سێ مانگە دەخاتەڕوو کە لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو و بەربڵاو ئەنجام دراون. ئەو توندوتیژییانە بریتین لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی و رفاندن و دەستدرێژی سێکسی و بە کۆیلەکردن و فرۆشتنی ژن و منداڵ و بەزۆرەملێ چەکدارکردنی منداڵان و تێکدانی شوێنە ئایینی و کلتوورییەکان و تاڵانکردن و ڕەتکردنەوەی مافی سەربەستی و چەندان توندوتیژی تریش. 

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە "ئەندامانی کۆمەڵگە ئایینی و مەزهەبییە جیاوازەکانی عیراق وەکو تورکمان و شەبەک و کریستیان و ئێزیدی و سابیئە و کوردی فەیلی و عەرەبی شیعە و ئەوانی تر بە شێوەیەکی بەرنامە بۆداڕیژراو و بە مەبەست لەلایەن داعش و گروپە چەکدارە لایەنگرەکانی پەلاماردراون و گەورەترین توندوتیژی مرۆییان لە بەرامبەردا کراوە. ئەمەش وا پێدەچێت کە سیاسەتێک بێت بۆ لەناوبردن و چەوساندنەوە و وەدەرنانی تاهەتایی ئەو نەتەوانە لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش."

 

هەروەها ڕاپۆرتەکە بە تێروتەسەلی باسی کوشتنی ئەو دەست بەسەرانە دەکات کە لە ئەندامانی هێزی ئاسایشی عیراقی و ئەو خەڵکانەی کە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان لەگەڵ حکومەت هەبێت. ئەو دەستبەسەرانەی کە لەلایەن داعش گومانیان لێ دەکرێت پەیوەندییان لەگەڵ حکومەت هەبێت بریتین لە ڕابەرە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان و سەرۆک هۆزەکان و ڕۆژنامەنووسان و پزیشک و هەروەها بەتایبەتی  ئافرەتان و سیاسەتمەداران کراونەتە ئامانج. لەماوەی ئەو سێ مانگە بەلایەنی کەم ١٦٥ کەس لە سێدارەدراون لەلایەن بەناو دادگای ڕێکخراوی داعشەوە لەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندان.  

هەروەها لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە :" زۆرێک لەو توندوتیژییانەی کە لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون لە ئاستی تاوانی جەنگ و تاوان لە دژی مرۆڤایەتی و گینۆساید ئەژمار دەکرێن."

راپۆرتەکە بەهەمان شێوە باس لەو هەواڵانە دەکات کە تیایدا باس لە توندوتیژییەکانی دژ یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ دەکرێت کە لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی عیراقی و هێزە چەکدارەکانی سەر بەو سوپایە ئەنجامدراون لە هەمان ئەو ماوەیەدا. تیایدا باس لە سەرپێچی یاسایی لە بواری بنەماکانی جیاکردنەوە و پەیوەندیدارێتی لەکاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەکات. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: "چەند هێزێکی چەکدار کە گوایە سەربە دەسەڵاتن یاخود لەگەڵ حکومەت کاردەکەن بە هەمان شێوە توندوتیژی دژ بە مرۆڤایەتییان ئەنجامداوە وەکو کوشتنی دیلەکانی داعش و گروپە چەکدارەکانی سەربە ئەوان و رفاندنی هاووڵاتی مەدەنی و توندوتیژی تر."  

میلیشیا و گروپی چەکداری تر کە بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان هەندێکیان واپێدەچن لەدەرەوەی کۆنتڕۆڵی حکومەت کاربکەن کاروچالاکییان لە چەندین پارێزگادا هەیە بە تایبەتی لە پارێزگای دیالە و سەڵاحەددین. بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان ئەو میلیشیایانە چەندین توندوتیژییان لە دژی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامداوە وەکو کوشتنی بە مەبەست و رفاندن. 

 

بەلایەنی کەم ١١٦٠٢ هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و ٢١٧٦٦ کەسیش برینداربوونە لەوەتەی سەرەتای مانی کانوونی دووەم تا ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤. لە ماوی نێوان ١ی حوزەیران تا ١٠ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٤ کاتێک پێکدادانەکان لە پارێزگای ئەنبارەوە پەرەی سەند بۆ ناوچەکانی تری عیراق بەلایەنی کەم ٧٨٠١ کەس کوژراون و ١٢٤٥١ کەسیش برینداربوون. 

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق، بەڕێز نیکۆلای ملادینۆڤ وتی: "ئامانجی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بریتیە لە کاولکردنی دەوڵەت و کۆمەڵگای عیراق لەڕێگەی چاندنی تۆوی توندوتیژی و دابەشکاری." هەروەها بەڕێزیان ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو ژمارانەی خراونەتەڕوو ئەوە کەمترین ڕێژەن چونکە تواناکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق و نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سنووردارن بۆ پشت ڕاستکردنەوەی ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان و هەندێک لە تۆمەتەکانی توندوتیژی دژ بە مافەکانی مرۆڤ.  

بەڕیز ملادینۆڤ هەروەها وتی: "سەرکردەکانی عیراق پێویستە زۆر بەخێرایی بەرنامەی کاری حکومەت جێبەجێ بکەن دەربارەی یەکڕیزی و ئاشتەوایی نیشتیمانی تاوەکو هەرچی زووە کۆتایی بە تاوانەکانی ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش بهێندرێت و خەڵک دڵنیا بکرێنەوە کە هەموو هێزە چەکدارەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵاتدان."

بەهەمان شێوە ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کاریگەری لاوەکی لە ئەنجامی توندوتیژییەکان مردوون نەزانراوە کە لەوانەیە بە هۆی نەگەیشتن بە خۆراک و ئاو و خزمەتگوزاری تەندرووستی مردوون. ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش گیریان خواردووە یان ئاوارەبوون لەو ماوەیەدا و ناتوانن دەستیان بە هاوکارییە مرۆییەکان بگات. لەم بارودۆخە نالەبارەدا، بەشێوەیەکی تایبەتی منداڵ و ئافرەتی دووگیان و خاوەن پێداویستی تایبەت کاریگەری خراپیان لەسەربووە. 

کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز زەید ڕەعد ئالحوسێن وتی: من تاساوم لەئاست ئەو توندوتیژییانەی دژ بەمافەکانی مرۆڤ لەلایەن داعش و گروپە چەکدارە لایەنگرەکانی ئەنجامدراون. پەلاماردانی هاووڵاتیانی مەدەنی لەسەر بنەمای بیروباوەڕیان یاخود نەتەوەییان شتێکی قێزەوەنە و پێویستە دەستبەجێ سزای سەرپێچی کاران و تاوانباران بدرێت." بەڕێز ئالحوسێن دووبارە داوای لە عیراق کرد کە بێتە ناو ڕێکەوتننامەی (ڕێکەوتننامەی ڕۆما ستاتوت)ی سەربە دادگای تاوانە نێودەوڵەتیەکان یاخود دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو بارودۆخەی کە بەرۆکی وڵاتەکەی گرتووە. 

کۆتایی

تەواوی ڕاپۆرتکە لێرە بخوێنەوە: 

 http://www.ohchr.org/Documents/Countries/IQ/UNAMI_OHCHR_Sep_Dec_2014.pdf 

هەروەها

http://uniraq.org/images/humanrights/HRO_PoCReport%2011Sept-10Dec_FINAL_ENG_16Feb2015.pdf

بۆ زانیاری زیاتر، تکایە پەیوەندی بکەن بە: 

لە جنێف: ڕاڤینا شەمدەسانی (٠٠٤١٢٢٩١٧٩٧٦٩) ئیمەیل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.   یاخود: سێسیل پویی:  (٠٠٤١٢٢٩١٧٩٣١٠)  ئیمەیل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

لە بەغدا:  خالد دەهەب، (یونامی): ٠٠٩٦٤٧٩٠١٩٤٠١٤٦  ئیمەیل: ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.  

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.