پێنج شەممە, 04 حوزەیران 2015 10:35

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان هۆشیاری ده‌دات به‌وه‌ی عیراق له‌ لێواری كاره‌ساتێكی مرۆیی دایه‌ ‌ به‌ هۆی هه‌ڵكشانی ململانێكان و كه‌میی له‌ راده‌به‌ده‌‌ری دارایی

له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٥  مه‌زه‌نده‌ ده‌كرێت ١٠ ملیۆن كه‌س پێویستی به‌ یارمه‌تی بێت  

برۆكسل، ٤ی حوزه‌یران ٢٠١٥ – به‌رپرسانی‌ سه‌رپه‌رشتی كردنی پرۆسه‌كانی یارمه‌تیدانی مرۆیی له‌ عیراق ده‌ڵێن  پرۆسه‌كانی یارمه‌تیدانی مرۆیی كه‌ ملیۆنان له‌ خه‌ڵكی عیراق، ئه‌وانه‌ی ململانێكان كاریگه‌ری كردۆته‌ سه‌ریان سوودی لێ ده‌بینن، دووچاری مه‌ترسی راگرتن ده‌بنه‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی دارایی پێویست و ده‌ستبه‌جێیان بۆ دابین ده‌كرێت.

له‌گه‌ڵ هه‌ڵكشانی توندوتیژیی و ململانێكان، نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ ناحكومییه‌ هاوبه‌شیكاره‌كانی  داوای ٤٩٧ ملیۆن دۆلار له‌ وڵاته‌ كۆمه‌ك به‌خشه‌كان ده‌كه‌ن بۆ دابینكردنی شوێنی نیشته‌جێبوون و خۆراك و ئاو و خزمه‌تگوزارییه‌كانی تری بژێویی بۆ شه‌ش مانگی دادێ. ئامانجی ئه‌م بانگه‌وازه‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌گرێته‌وه‌ كه‌ له‌ له‌ چه‌ندان ناوچه‌ی به‌رفراوانی وڵات توندوتیژیی و شه‌ڕی  نێوان هێزه‌ حكومییه‌كان و چه‌كدارانی داعش زیانی پێگه‌یاندوون.  

خاتوو لیز گراندێی هه‌ماهه‌نگیكاری مرۆیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق له‌ میانه‌ی ئه‌م بانگه‌وازه‌ كه‌ له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا راگه‌یه‌ندرا وتی پرۆسه‌كانی یارمه‌تیدانی له‌ سه‌ر لێواری مه‌ترسیدایه‌ هه‌روه‌ها وتی " ئه‌م قه‌یرانەی عیراق یه‌كێكه‌ له‌ ئاڵۆزترین و ناجێگیرترین قه‌یرانه‌كانی جیهان. هاوبه‌شكاره‌ مرۆییه‌كان بۆ پێشكه‌ش كردنی یارمه‌تی هه‌ر شتێكیان له‌ توانادا هه‌بێت كردوویانه‌. به‌ڵام نیوه‌ی پرۆسه‌كان یان راده‌وستێنرێن و یانیش به‌كه‌م و كوڕی جێبه‌جێده‌كرێن ئه‌گه‌ر ده‌ستبه‌جێ پاره‌یان بۆ دابین نه‌كرێت و ئاكامی ئه‌مه‌ش كاره‌ساتی لێده‌كه‌وێته‌وه‌.  

پێداویستییه‌ مرۆییه‌كان له‌ عیراق له‌ راده‌به‌ر و له‌ زیادبوون دان.  زیاتر له‌ ٨ ملیۆن كه‌س پێویستییان به‌ یارمه‌تی ده‌ستبه‌جێی بژێویی هه‌یه‌ و ئه‌و ژماره‌ش له‌وانیه‌ بۆ ١٠ ملیۆن به‌رزبێته‌وه‌ له‌ كۆتایی ساڵی ٢٠١٥.   

كرداره‌ توندوتیژه‌كان له‌ ئێستادا نزیكه‌ی ٣ ملیۆن كه‌سی ناچار كردووه‌ ماڵەكانیان جێبهێڵن و له‌ ٣٠٠٠ شوێن له‌ سه‌رتاسه‌ری وڵات په‌رت و بڵاوببنه‌وه‌. له‌ده‌ره‌نجامی هه‌ڵكشان و توندبوونی ململانێی تایفه‌گه‌رایی و مافه‌كانی مرۆڤ و سه‌روه‌ری یاسا دووچاری پێشێلكاری ده‌بنه‌وه‌ ، چه‌ندین كرده‌وه‌ی وه‌ك له‌ سێداره‌دانی به‌ كۆمه‌ڵ و لاقه‌كردنی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراو و كرده‌وه‌ی قێزه‌وه‌نی توندوتیژیی ‌ به‌ربڵاون. 

به‌ڕێز خافێر كوزۆ پێرمۆی جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی ئه‌وروپی وتی" له‌ میانه‌ی میوانداریكردنی ئه‌م بۆنه‌یه‌ ، په‌رله‌مانی ئه‌وروپا حه‌زده‌كات ئاماژه‌ به‌ رۆڵی سه‌ره‌كی یارمه‌تییه‌ مرۆییه‌كان بدات كه‌ گێڕاویه‌تی له‌ دابینكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری سیاسیی و مانه‌وه‌ی وڵات به‌ یه‌كپارچه‌یی. ئێمه‌ ناتوانین ئه‌وه‌ له‌ بیر بكه‌ین كه‌ زۆر وڵاتی ئه‌ورووپی سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی عیراق به‌رپرسیاره‌تیان گرتۆته‌ ئه‌ستۆ، بۆیه‌ بۆ هه‌ر بڕێك له‌ یارمه‌تیی مرۆیی پاساو هه‌یه‌ له‌ پێناو زامنكردنی به‌رده‌وام بوونی ده‌وڵه‌ت" 

داخستنی ٧٧ بنكه‌ی ته‌ندروستی به‌ده‌مه‌وه‌ هاتنی خێرا و كه‌مكردنه‌وه‌ی بڕی خۆراك له‌سه‌ر زیاتر له‌ یه‌ك ملیۆن كه‌س به‌هۆی كورتهێنانی دارایی و كه‌می پاره‌ زۆر مه‌ترسیداره‌ . به‌بێ پاره و دارایی زیاتر زۆرێك له‌ خزمه‌تگوزارییه‌كانی بژێویی نامێنن.   

له‌لایه‌ن خۆیه‌ خاتوو لیندا ماك ئاڤانی سه‌رۆكی لێژنه‌ی گه‌شه‌پێدان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا وتی" پێویسته‌ له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئه‌وپه‌ڕی توانا ره‌هاكانی خۆی بخاته‌ گه‌ڕبۆ دابینكردنی پێداویستییه‌ مرۆییه‌كان له‌ عیراق. هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ یارمه‌تییه‌ بژێوییه‌كان پێداویستییه‌كی یه‌كجار زۆریش هه‌یه‌ بۆ جه‌خت كردنه‌ سه‌ر گه‌یشتن به‌ فێركردن وه‌ك رێگایه‌ك بۆ یارمه‌تیدانی ئه‌م نه‌وه‌یه‌ له‌ منداڵان كه‌ بوونه‌ته‌ قوربانی ململانێكان و توندوتیژیی" 

 

پرۆسه‌كانی یارمه‌تیدان به‌ هاویكارییه‌كی توندو تۆڵ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عیراقی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، كه‌ سه‌رچاوه‌ی دارایی ئه‌وانیش به‌ هۆی نزمبوونه‌ی داهاتی نه‌وت به‌ راده‌یه‌كی زۆر كه‌می كردووه‌. به‌رپرسیاره‌تی پرۆسه‌كانی یارمه‌تیدانی مرۆیی راده‌ستی ده‌سه‌ڵاته‌ ‌نیشتمانییه‌كان ده‌كرێته‌وه‌ به‌زوترین كات دوای له‌بار بوونی باری دارایی و لۆجیستی.  

بۆ زانیاری زیاتر سه‌ردانی ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ بكه‌ : 

www.save-iraq.info

به‌ هاشتاگی #SaveIraq له‌ فه‌یسبوك و تویته‌ر به‌شداری گفتوگۆكان بكه‌ 

بۆ بینی وێنه‌و په‌خشی ته‌له‌فزیۆنی  كلیك له‌سه‌ر ئه‌م لینكه‌ بكه‌ 

http://bit.ly/1SSWy5I

 

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق 

نەتەوە یەكگرتووەكان له‌ عیراق لەسەر داوای حكومەتی عیراق دامەزراوە بۆ پالپشتی كردنی كۆششه‌ نیشتمانییه‌كان له‌ ئاسته‌كانی  رامیاریی و هه‌ڵبژاردن و كاروباره‌ مرۆییه‌كان. نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان راوێژ و پشتگیریی پێشكه‌ش به‌ حكومه‌تی عیراق و گه‌له‌كه‌ی ده‌كات و هه‌روه‌ها كارده‌كات له‌ پێناو بونیاتنانی تواناكان  بۆ به‌هێزكردنی خه‌ڵكه‌كه‌ی و داموده‌زگاكانی له‌ ماوه‌ی راگوێزانی دیموكراتیدا. 

نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ عیراق پێكدێت له‌ نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاری كردنی عیراق(یونامی) و تیمی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ وڵاتدا كه‌ له‌ ٢٠ ئاژانس پێكدێن و له‌ عیراقدا كارده‌كه‌ن.  

 

بۆ زانیاری زیاتر یان بۆ سازدانی چاوپێكه‌وتن په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌ 

سایمۆن ئینگرام (برۆكسل)  ژماره‌ی مۆبایل :   +962 (0) 79 590 4740    ئیمه‌یڵ : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

ئیلیانا نه‌بعه‌ (به‌غدا) ژماره‌ی مۆبایل :    + 964 (0) 79 01 931 281 ئیمه‌یڵ : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

میلانی شارپ (هه‌ولێر) ژماره‌ی مۆبایل :    +964 (0) 75 11 845 018 ئیمه‌یڵ : ئەم ئیمەیڵە پارێزراوە لە سپام, پێویستە جاڤا سکریپت چالاک بکەیت بۆ بینینی.

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.