دوو شەممە, 03 ئاب 2015 23:24

له‌ ساڵیادی كاره‌ساتی شه‌نگالدا، نوێنه‌ری نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان داوای كاری تۆكمه‌ بۆ پاراستنی كه‌مینه‌كان ده‌كات

به‌غداد، ٢ی ئابی ٢٠١٥:- ئه‌مڕۆ ساڵیادی كاره‌ساتی دڵته‌زێنی شه‌نگاله‌ كه‌ تیایدا نزیكه‌ی ٢٠٠ هه‌زار مه‌ده‌نی  ، ‌ زۆربه‌یان یه‌زیدی بوون له‌گه‌ڵ شه‌به‌كی شیعه‌ و توركمان و كریستانیش  روویان له‌ چیای شه‌نگال  كرد دوای داگیركردنی ناوچه‌كانی شه‌نگال و  و ته‌له‌عفه‌ری پارێزگای نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن

داعش  (ده‌وه‌ڵه‌تی ئیسلامی له‌ عیراق و شام)ه‌وه‌ به‌ هۆیه‌وه‌  هه‌زاران خه‌ڵكی لێقه‌وماو به‌ ژن و منداڵ و پیر و په‌ككه‌وته‌شه‌وه‌ ئاواره‌بوون.

له‌ رۆژه‌كانی دواییشدا، داعش و گرووپه‌ وابه‌سته‌كانی چه‌ندان تاوان و سوكایه‌تیی قێزه‌ونیان دژی هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی ئه‌نجامدا، هه‌ر له‌ كۆمكوژی و لاقه‌كردنه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ رفاندنی ژنان و منداڵان. له‌ ئه‌نجامدا، ده‌یان هاوڵاتی مه‌ده‌نی ، به‌ ژن و منداڵیشه‌وه‌، له‌ برسییه‌تی  و تینوویه‌تی و روبه‌روبوونه‌وی مه‌ترسی له‌ كاتی راكردنیاندا له‌ترسی گیانی خۆیان، مردن. 

به‌م بۆنه‌وه‌، نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كوبیش به‌توندترین شێوه‌ ستراتیژی تیرۆریستانه‌ی به‌رده‌وامی داعشی له‌ به‌ئامانجگرتن و پاكتاوكردنی ته‌واوی كۆمه‌ڵگاكان له‌سه‌ر بنه‌مای ئێتنی و ئاینی و بیروباوه‌ڕ شه‌رمه‌زار ده‌كات .

 ئه‌و له‌مباره‌وه‌ وتی "ئه‌مه‌ به‌ تایبه‌تی بۆ كچان و ژنان كاره‌ساتباره‌ كه‌ به‌ دڕندایه‌تییه‌كی وا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ كراوه‌ هه‌رگیز مایه‌ی گێڕانه‌وه‌ نییه‌. ئێمه‌ به‌ پشتگیرییه‌وه‌ داوای ئازادكردنی ئه‌و ژن و كچه‌ ئێزیدییانه‌ ده‌كه‌ین ‌ له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ رفێندراون و به‌زۆریش وه‌ك كۆیله‌ی سێكسی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌". 

ئه‌و هه‌روه‌ها وتیشی "‌ ئه‌و تاوانانه‌ی ‌ دژی هاوڵاتییانی مه‌ده‌نی و كه‌مینه‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌نجامدراون ، ‌ هه‌ندێكیان له‌ خانه‌ی تاوانی جه‌نگدان، هه‌رگیز له‌بیر ناكرێن و ئه‌نجامده‌رانیشیان ، ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی، بۆ وه‌رگرتنی سزای ره‌وای خۆیان په‌لكێشی دادگا ده‌كرێن ". 

به‌ڕێز كوبیش ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عیراق و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشی كرد ، به‌ پاڵپشتیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، به‌رامبه‌ر به‌ كه‌مینه‌ به‌ركه‌وته‌كان. ئه‌و وتی "كاری تۆكمه‌ی زیاتر بۆ پاراستنی كه‌مینه‌كان پێویسته‌ ئه‌نجام بدرێت به‌ هه‌نگاوی چڕوپڕیشه‌وه‌ بۆ دڵنیابوون له‌ نه‌بوونی ته‌واوی له‌سزابه‌ده‌ربوونی تاوانباران. من ده‌ستخۆشی له‌ هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی عیراق ده‌كه‌م بۆ  زیاتر گه‌شه‌دان به‌ گشتگریی و ئاشته‌وایی نیشتمانی و به‌هێزكردنی یه‌كڕیزیی كۆمه‌ڵایه‌تی. هه‌روه‌ها ، من پاڵپشتی له‌ دروستكردنی میكانیزمێك ده‌كه‌م بۆ زیاتر پته‌وكردنی گه‌شه‌دان و پاراستنی كه‌مینه‌كان و مافه‌كانیان و به‌شداریپێكردنیان و مامه‌ڵه‌كردنی یه‌كسانانه‌ له‌ گه‌ڵیاندا. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ، حكومه‌ت له‌ سه‌ر هه‌ردوو ئاستی ناوه‌ندی و ناوخۆیی و به‌یه‌كه‌وه‌  له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵه‌ ناوخۆییه‌كاندا به‌رپرسن له‌ ره‌خساندنی كه‌شوهه‌وا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاره‌زومه‌ندانه‌ و شه‌ڕه‌فمه‌ندانه‌ و بێكێشه‌ی ئاواره‌كان، به‌ كه‌مینه‌كانیشه‌وه‌، بۆ زێدی خۆیان له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنی میكانیزمی پاراستنیش. ئه‌مه‌ بریتیشه‌ له‌ تێكهه‌ڵكێشانی ئه‌م پێشینه‌كاره‌ له‌گه‌ڵ ستراتیژی سه‌ربازیدا ئه‌گه‌رنا ره‌نگه‌ گۆڕانكاری نه‌ویستانه‌ی دێموگرافی له‌ ناوچه‌كه‌ رووبدا و ببێته‌ مایه‌ی مه‌ترسیش بۆ ته‌واوی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان له‌ وڵاتدا".  

وێڕای به‌ڵێندان به‌وه‌ی كه‌ "كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی درێژه‌ به‌ یارمه‌تییه‌كانی ده‌دات بۆ هه‌وڵه‌كانی عیراق " به‌ڕێز كوبیش وتیشی "نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ئه‌م پایزه‌ ده‌ست به‌ پلانی كارپێكردنی پێشگرتن له‌ توندڕه‌وی ده‌كات  بۆ یارمه‌تیدانی حكومه‌ت". ئه‌و راشی گه‌یاند كه‌ كۆنفرانسێكی ئاستبه‌رزیش سه‌باره‌ت به‌ قوربانییانی هێرش و سوكایه‌تییه‌كانی دژی كه‌مینه‌ ئاینی و ئێتنییه‌كان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا له‌ مانگی ئه‌یلولی داهاتوودا له‌ پاریس ئه‌نجام ده‌درێت به‌ مه‌به‌ستی زیاتر به‌گه‌ڕخستنی سه‌رنجی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پشتگیریكردنی كه‌مینه‌كان.  

 

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.