چوار شەممە, 02 ئەیلول 2015 14:04

یونامی و یۆنیسكۆ سه‌باره‌ت به‌ سه‌لامه‌تیی رۆژنامه‌نوسان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وادا نیگه‌رانن

به‌غدا، ١ی ئه‌یلولی ٢٠١٥:- نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق بەڕێز یان كوبیش و نوێنه‌ری یونیسكۆ له‌ عیراق، ئاكسێل پلاسێ، زۆر نیگه‌رانن سه‌باره‌ت به‌ سه‌لامه‌تیی رۆژنامه‌نوسان له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وادا. كوشتنی غافڵگیرانه‌ و زیادبوونی كاری تۆقاندن و هه‌راسانكردن و توندوتیژی ئه‌مدواییه‌ی دژی راگه‌یاندكاران به‌ڵگه‌ی زیندووی هه‌ڕه‌شه‌ی مه‌ترسیدارن كه‌ رۆژنامه‌نوسانی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام ) رووبه‌رووی ده‌بنه‌وه‌.

وێڕای وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ "ژیانی رۆژنامه‌نوسان پێویسته‌ بپارێزرێت و ئه‌نجامده‌رانی هه‌موو جۆره‌ تاوانێكی دژی رۆژنامه‌نووسانیش پێویسته‌ په‌ڵكێشی دادگا بكرێن"، هه‌ردوو به‌ڕێزان زیاتر وتیشیان "رێزگرتن له‌ مافی راگه‌یاندن بۆ كاركردنی سه‌ربه‌خۆیانه‌ و بێ هیچ ده‌ستوه‌ردانێك له‌وپه‌ڕی گرنگیدایه‌".

به‌رێزان كوبیش و ئاكسێل له‌مباره‌وه‌ وتیان "سه‌ری رێز بۆ ئه‌وانه‌ داده‌نه‌وێنین كه‌ له‌ ئه‌نجامدانی كاری گه‌یاندنی زانیاری بوونه‌ قوربانی و به‌توندترین شێوه‌ش كاره‌ توندوتیژییه‌كانی داعش دژی راگه‌یاندكاران شه‌رمه‌زار ده‌كه‌ین و ئه‌م تاوانانه‌شیان ده‌چنه‌ ناو لیستی دوورودرێژی پێشێلكارییه‌ قێزه‌ونه‌كانی پێشتری ئه‌م رێكخراوه‌ دژی مافه‌كانی مرۆڤ".

پاراستنی سه‌لامه‌تیی رۆژنامه‌نووسان و وه‌ستانه‌وه‌ دژی له‌سزابه‌ده‌ربوونی ئه‌وانه‌ی هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر راگه‌یاندكاران خاڵی سه‌ره‌كیی سیسته‌می نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانن بۆ پیشتگیریكردن له‌ ئازادیی راده‌ربڕین له‌سه‌رتاسه‌ری سه‌كۆیه‌كانی راگه‌یاندندا.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.