ئەم پەڕەیە چاپ بکە
سێ شەممە, 08 ئەیلول 2015 14:27

سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عیراق پشتگیری له‌ سیمیناری "ده‌سه‌ڵاتپێدان وه‌ك به‌شێك له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی" ده‌كه‌ن

به‌غدا، ٧ی ئه‌یلولی ٢٠١٥: ئه‌مڕۆ زیاتر له‌ ١٢٠ گه‌وره‌ به‌رپرسی حكومه‌ت، به‌ پارێزگارەکانی ٩ پارێزگای عیراقیشه‌وه‌، و سه‌ركرده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و نوێنه‌رانی ١٥ پارێزگای عیراق به‌شدارییان له‌ سیمینارێك به‌ناوی "ده‌سه‌ڵاتپێدان وه‌ك به‌شێك له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی" كرد بۆ تاوتوێكردنی ئه‌وه‌ی كه‌ چۆن ده‌سه‌ڵاتپێدان ده‌بێته‌ مایه‌ی پشتگیریكردن له‌ ئاشته‌وایی نیشتمانی و هه‌روه‌ها له‌ چه‌مك و شێوازه‌كانی فیدرالیزمیش له‌ عیراق .

سیمیناره‌كه‌‌، وێڕای سوپاس بۆ پشتگیری به‌خشندانه‌ی هه‌ردوو حكومه‌تی ئه‌ڵمانی و هۆڵه‌ندی، هاوبه‌شانه‌ له‌لایه‌ن یونامی و نووسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ رێكخرا.

جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق خاتو لیسێ گراند به‌ وته‌ی "ئه‌م سیمیناره‌ له‌ كاتێكی زۆر هه‌ستیاردا ده‌به‌سترێ كه‌ خه‌ڵكی سه‌رتاسه‌ر وڵات داوای گۆڕان ده‌كه‌ن و سه‌ركردایه‌تی وڵاتیش قاره‌مانانه‌ ده‌ستی داوه‌ته‌ پلانێكی به‌ناوبانگ و متمانه‌دار بۆ چاكسازی له‌ فه‌رمانڕه‌واییكردنی وڵاتدا" به‌خێرهاتنی به‌شداربووانی كرد.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی " بۆ حكومه‌تی عیراق ئاشته‌وایی نیشتمانی له‌ هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ی كاره‌كان دێت و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش، وه‌ك هاوبه‌شكار و دۆستی عیراق، به‌ ته‌واوی پشتگیری له‌م هه‌نگاوه‌ ده‌كه‌ن.

خاتوو گراند وتیشی: "ئاشته‌وایی نیشتمانی هه‌رگیز نایه‌ته‌ دی گه‌ر رایه‌ڵه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تیی نێوان حكومه‌ت هاوڵاتییان پته‌و نه‌بێت چونكه‌ كاتێك هاوڵاتی هه‌ست ده‌كات كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی كاری بۆ ده‌كات و به‌ یه‌كسانی ده‌نگی له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتدا ده‌بێت ئه‌وه‌ بێگومان ئه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستانه‌وه‌ بقۆزرێته‌وه‌ ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ هه‌روه‌ك چۆن ئه‌و كه‌شه‌ سیاسییه‌ی كه‌ بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕیشیان پێویستییانه‌ هه‌رگیز فه‌راهه‌م نابێت".

لای خۆشییه‌وه‌، به‌ڕێز د. عوسمان سه‌لمان، كه‌ به‌ناوی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانه‌وه‌ قسه‌ی ده‌كرد، پشتیگری له‌ هه‌مان رای خاتو گراندی كرد‌ كاتێك وتی كه‌ ده‌سه‌ڵاتپێدان، هه‌رچه‌نده‌ هه‌ر پێشتریش ده‌ستی پێكرابوو‌،‌ پرۆسه‌یه‌كی قۆناغبه‌نده‌ و ئێستاش پێداگرییه‌كه‌ له‌ سه‌ر دروستكردنی لێهاتوویی ته‌كنیكی و یاسایییه‌ له‌سه‌ر ئاستی پارێزگادا. د. تورهان موفتیش به‌ نوێنه‌رایه‌تیكردنی نوسینگه‌ی سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ فیدرالیزم و ده‌سه‌ڵاتپێدان، هه‌روه‌ك چۆن له‌ ده‌ستوریشدا هاتوون، به‌ردی بناغه‌ی ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵاتن.

دوای خستنه‌ڕووی نمایشه‌كان له‌لایه‌ن لێژنه‌كانی ئاشته‌وایی نیشتمانیی و هه‌رێم و پارێزگاكانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و شاره‌زایه‌كی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێدانی دسه‌ه‌ڵاته‌كان، نوێنه‌رانی پارێزگاكان كه‌وتنه‌ تاوتوێكردنی پێشبینی و ئاواته‌كانیان بۆ ئاینده‌ی عیراق.

ده‌رئه‌نجامه‌كانی سیمیناره‌كه‌ ده‌كرێنه‌ دیكۆمێنتێك‌ كه‌ له‌ داهاتوودا بۆ رێنمونیكردنی هه‌وڵه‌كانی ئاشته‌وایی نیشتمانی و پێدانی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌ عیراق به‌كار دێت.