ئەم پەڕەیە چاپ بکە
چوار شەممە, 26 تشرینی یەکەم 2016 10:55

كۆبونه‌وه‌ی یونامی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكاری دژه‌ تیرۆر سه‌باره‌ت به‌ پێویستییه‌كانی یارمه‌تیدانی عیراق له‌ به‌غدا ئه‌نجام درا

به‌غداد، ٢٥ تشرینی یه‌كه‌می ٢٠١٦:- ئه‌مڕۆ نێرده‌ی نه‌ته‌وە یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكاری دژه‌تیرۆر كۆبونه‌وه‌یه‌كیان له‌ به‌غداد ئه‌نجامدا بۆ به‌وردی تاوتوێكردنی یارمه‌تیی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و دولایه‌نه‌ی‌ دژه‌تیرۆر كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی پێویستییه‌كانی یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییه‌ له‌پێشینه‌كانه‌وه‌ به‌ عیراق دراون‌ و له‌لایه‌ن لێژنه‌ی دژه‌ تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشیشه‌وه،‌ به‌ هه‌ماهه‌نگیی چڕوپڕ له‌ گه‌ڵ عیراق، ده‌ستنیشانكراون.

له‌ وته‌ی ده‌ستپێكیشدا نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق یان كۆبیش وتی كه‌ داعش (ده‌وڵه‌تی ئیسلامی عیراق و شام) هه‌ر به‌ مه‌ترسی بۆ سه‌ر عیراق ده‌مێنێته‌وه‌ و كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌م كۆبونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش له‌و رووه‌وه‌ گرنگه‌ كه‌ عیراق له‌ ناوه‌ڕاستی كرده‌ سه‌ربازییه‌كانی رزگاركردنه‌وه‌ی موسڵدایه‌‌ له‌ ژێر ده‌ستی ئه‌و رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌.

راگه‌یاندراوه‌كه‌ی كوبیش كه‌ ده‌ڵێت "عیراق پێویستییه‌كی زۆری به‌ یارمه‌تیی هه‌مه‌لایه‌نه‌وه‌ و دولایه‌نه‌ هه‌یه‌ بۆ كرده‌ دژه‌تیرۆرییه‌كان و هه‌روه‌ك پێویستیشی به‌ هه‌موو یارمه‌تییه‌كی ئێمه‌ش هه‌یه‌ كه‌ بۆی دابین بكه‌ین چی ئێستا و چی له‌سه‌ر ئاستی دوورخایه‌ن" له‌لایه‌ن به‌رپرسی به‌شی شیكاری هاوبه‌شی یونامی به‌ڕێز نامیق حه‌یده‌رۆڤه‌وه‌ خوێندرایه‌وه‌.

ئه‌و هه‌روه‌ها وتی كه‌ مه‌به‌ست له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ پێدانی پشتگیرییه‌ له‌و ١٦ پێویستییه‌ یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییه‌ له‌پێشینانه‌ كه‌ له‌به‌ر رۆشنایی سه‌ردانی "لێژنه‌"كه‌ بۆ عیراق له‌ مانگی ئه‌یلول له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكاری دژه‌تیرۆره‌وه‌ ده‌ستنیشانكرابوون.

به‌ڕێز كوبیش هه‌روه‌ها ده‌ڵێت "كاتێك باس له‌ دژایه‌تی تیرۆر ده‌كرێت ئه‌وه‌ بێگومان عیراق پێویستی به‌ یارمه‌تیی زۆر تایبه‌ت هه‌یه‌ بۆ به‌وردی چاودێریكردنی سنوره‌كانی و كۆنترۆلكردنی گه‌شتی ئاسمانی و چاودێریكردنی داراییدانی تیرۆریزم ولێكۆلینه‌وه‌ له‌ تاوان و شاره‌زایی پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پارچه‌ی نه‌ته‌قیو كه‌ ئه‌مانه‌ ته‌نها كه‌مێكن له‌ پێویستییه‌كان.

به‌ڕێز جین پۆل لابوردی، یاریده‌ده‌ری سكرتێری گشتی و به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكاری دژه‌تیرۆر له‌ رێگه‌ی ڤیدیۆوه‌ وته‌یه‌كی له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ پێشكه‌ش كرد و وتی كه‌ ناوچه‌ تازه‌ رزگاركراوه‌كان توشی چه‌ندان ته‌حه‌ددی ده‌بنه‌وه‌ هه‌ر له‌ یارمه‌تی مرۆییه‌وه‌ تاده‌گاته‌ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و دابینكردنی سه‌قامیگری و ئاسایش و دادوه‌ری.

ئه‌و وتی "كاری به‌په‌له‌ پێویسته‌ بۆ زیاتر په‌ره‌دان به‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی كه‌ له‌ كرده‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ به‌ده‌ست هاتوون و هه‌روه‌ها بۆ پێشكه‌شكردنی ئاسانكاری بۆ گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی یاسای و داموده‌زگایی و به‌ڕێوه‌بردنی عیراق كه‌ بۆ روبه‌روبوونه‌وه‌ی كاریگه‌رانه‌ی تیرۆر پێویستن بۆ كه‌رتی یاسایی و كه‌رتی دادوه‌ری و چه‌سپاندنی یاسا و كه‌رتی ئابوری و كۆنترۆلكردنی سنور و روبه‌روبوونه‌وه‌ی په‌ڕگیریی پڕتوندوتیژانه‌ به‌گوێره‌ی یاسا و پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان".

ئه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ پێویسته‌ درێژه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانمان بده‌ین بۆ یارمه‌تیدانی عیراق له‌م هه‌نگاوه‌ به‌په‌له‌یه‌یدا".

به‌ڕێز لابوردی وتی كه‌ لێژنه‌ی دژه‌تیرۆری ئه‌نجومه‌نی ئاسایش ١٦ یارمه‌تیی ته‌كنیكی ده‌ستنیشانكردووه‌. "من زۆر هێوادارم كه‌ ئه‌مڕۆ ئێمه‌ش بتوانین ئه‌و شێوازانه‌ ده‌ستنیشان بكه‌ین كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی باشكردن و رێكخستنی كاره‌ په‌یوه‌نداره‌كانمان له‌م بوارانه‌دا".

به‌شداربووان له‌ به‌رپرسانی دژه‌تیرۆری حكومه‌تی عیراق و نوێنه‌رانی باڵوێزخانه‌كان و نێرده‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی جێگیر له‌ به‌غداد و دابینكه‌رانی یارمه‌تی و هاوبه‌شكاره‌ جێبه‌جێكاره‌كانی ئاژانسه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ جێهانی و هه‌رێمییه‌كان پێكهاتبوون. به‌ڕێز ئه‌حمه‌د سه‌یف ئه‌لده‌وله‌، به‌رپرسی به‌شی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكاری دژه‌تیرۆر و خاتو نیكۆل ئه‌لخوری، به‌رپرسی یاسایی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێبه‌جێكاری دژه‌تیرۆر، كورته‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌ ده‌رئەنجامه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی سه‌ردانه‌كه‌ی لێژنه‌ی دژه‌تیرۆر بۆ عیراق له‌ مانگی ئه‌یلول و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی دواتر و هه‌وڵه‌ هه‌ره‌تازه‌كانی دژه‌ تیرۆری عیراق بۆ به‌شداربووان خسته‌ڕوو له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ركه‌كان و نه‌خشه‌رێگای قۆناغی داهاتوو بۆ به‌گه‌ڕخستنی پشتگیری بۆ رێوشوێنه‌كانی دژه‌تیرۆری عیراق به‌ گوێره‌ی پێوه‌ره‌ جیهانییه‌كان.

له‌ تێچوونه‌كانیشیاندا به‌رپرسه‌ باڵاكانی عیراق ده‌ستخۆشیان له‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ كرد و تازه‌ترین زانیاریی خۆشیان سه‌باره‌ت به‌ پرۆژه‌كانی یارمه‌تیی دژه‌تیرۆر خسته‌ڕوو.

له‌ وته‌ی كۆتاییشدا، به‌ڕێز كوبیش ده‌ستخۆشی له‌ "تاوتوێی چڕ و به‌سوود"كرد كه‌ جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و ئاڵوزییانه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆر له‌ عیراقدا روبه‌ڕوویان ده‌بینه‌وه‌ وه‌ك به‌سه‌ربازگرتنی تیرۆریستی بیانی و دابینكردنی دارایی تیرۆر و په‌ڕگیریی پڕتوندوتیژی له‌گه‌ڵ رێزگرتن له‌ به‌هاكان و هاوبه‌شبوون له‌ پابه‌ندییه‌كانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی".

ئه‌و زیاتر وتی "ئێمه‌ دڵنیاین كه‌ ئه‌م كۆبونه‌وه‌ و تاوتوێكردنانه‌ی ئه‌مڕۆ ده‌بنه‌ مایه‌ی به‌شداربوونێكی گرنگ بۆ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌م تاوتوێیانه‌ بۆ قۆناغی داهاتوو كه‌ ئه‌ویش ته‌ركیزكردنه‌ له‌ سه‌ر دابینكردنی پته‌وی دارایی و پشتگیریی به‌رجه‌سته‌ شانبه‌شانی پێویستییه‌كانی ئه‌و یارمه‌تییه‌ ته‌كنیكییانه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ جه‌ختیان له‌سه‌ر كرایه‌وه‌".