شەممە, 10 کانونی یەکەم 2016 03:00

رۆژی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ژێر سه‌رباسی "ئه‌مڕۆ ئاماده‌ به‌ بۆ مافه‌كانی كه‌سێكی تر"

به‌غدا،١٠ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٦:- نێرده‌ی نه‌ته‌و یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی) یادی رۆژی مافه‌كانی مرۆڤی له‌ به‌غداد كرده‌وه‌ له‌گه‌ڵ داواكردن بۆ ئاماده‌بوون بۆ مافه‌كانی مرۆڤ و رێزگرتنیان و پاراستنیان له‌رێگه‌ی ئه‌و كار و شێوازانه‌ی كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی گه‌شه‌دان به‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌یی. ‌



"رۆژی مافی مرۆڤی" ئه‌مساڵ به‌توندی داوا له‌ هه‌موو كه‌سێك ده‌كات بۆ ئاماده‌بوون بۆ داكۆكی كردن له‌م مافانه‌. له‌ چالاكییه‌كه‌ی به‌غدادا، نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و پێكهاته‌ ئاینی و ئیتنییه‌كان و خه‌ڵكی په‌ككه‌وته‌ و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و به‌رپرسانی حكومی و دادوه‌ری و دیپلۆماته‌كان ئاماده‌ بوون. قسه‌كه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانیش بریتی بوون له‌ خاتو بان عه‌بدوله‌تیفی هونه‌رمه‌ند و چالاكوانی مافه‌كانی مرۆڤ بۆ مافی په‌ككه‌وته‌كان به‌ڕێز عه‌بدولڕه‌حیم ئه‌لشه‌ممه‌ریی سه‌رۆكی لێژنه‌ی مافی مرۆڤی په‌رله‌مانی‌ و جێگری نوێنه‌ری تایبه‌تی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ عیراق جۆرجی بوستین. هه‌ر له‌و رێوره‌سمه‌دا، قوتابیانی قوتابخانه‌ی مامه‌ ئه‌یسه‌ریش چه‌ندان گۆرانییان پێشكه‌ش كرد.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌، چه‌ندان په‌یامی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و كۆمیساری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان زه‌ید ره‌عد ئه‌لحوسه‌ینی له‌و یاده‌دا خوێندرانه‌وه‌. له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، به‌ڕێز بانكی مۆن ده‌ڵێت" رێزگرتن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو لایه‌كه‌ و ده‌بێته‌ مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیری بۆ هه‌موو تاك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك و هه‌روه‌ك چۆن ده‌بێته‌ مایه‌ی سازانیش بۆ ته‌واوی جیهانی پێكه‌وه‌گرێدراو". په‌یامه‌كه‌ی كۆمیساری باڵاش ده‌ڵێت "ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌ر یه‌كێكمان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ئاماده‌بین. هیچ كارێك نابێ به‌ بچووك سه‌یر بكرێت چونكه‌ تۆ له‌ هه‌ر شوێنێك بیت ده‌توانی جیاوازی دروست بكه‌یت. ده‌با به‌ یه‌كه‌وه‌ بۆ كاری مرۆیی زیاتر ئاماده‌ بین".

له‌ وتاره‌كه‌یدا خاتوو بان جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌م حكومه‌ت و هه‌م پێكهاته‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاش پێویسته‌ پابه‌ند بن به‌ مافه‌كانی خه‌ڵكی په‌ككه‌وته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش مافەکانی ژنان. "من لێره‌ وه‌ك هونه‌رمه‌ند و چالاكوان و ژنێكی په‌ككه‌وته‌ قسه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌ ده‌كه‌م. ئه‌وه‌ی من له‌ ژیانمدا به‌ده‌ستم هێناوه‌ به‌هۆی پاڵپشتیی خانه‌واده‌كه‌م و ویست و توانای هه‌ستانه‌وه‌ی خۆم بووه‌. من هه‌رگیز بیرم نایه‌ت كه‌ حكومه‌ت هیچ یارمه‌تییه‌كی دابم به‌ڵكو من له‌گه‌ڵ خه‌ڵكێكی ناپه‌ككه‌وته‌ش‌ كارم ده‌كرد كه‌ هه‌رگیز نه‌یانده‌ویست هه‌لم بۆ بڕه‌خسێنن و بارودۆخیشم زۆر له‌وه‌ قورستر بوو كه‌ تۆ بیری لێ بكه‌یته‌وه‌. هه‌ر كه‌ ماڵه‌كه‌م جێ ده‌هێلم ئه‌وه‌ رووبه‌رووی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ ده‌بمه‌وه‌". خاتو بان باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ چه‌ندان نمونه‌ له‌سه‌ر ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی په‌ككه‌وته‌ هه‌ن به‌ ژنانیشه‌وه‌ كه‌ ته‌نها پێویستیان به‌ ره‌خساندنی هه‌ل هه‌یه‌.

لای خۆشییه‌وه‌، به‌ڕێز ئه‌لشه‌ممه‌ری وتی كه‌ فه‌رامۆشكردنی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ عیراق بوونه‌ هۆكاری شه‌ڕ و قه‌یرانی مرۆیی. سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی ئێستای مۆسڵیشه‌وه‌ ئه‌و وتی "لێژنه‌ی په‌رله‌مانی مافه‌كانی مرۆڤ رۆڵی خۆی زیاتر په‌ره‌ پێ ده‌دات و هه‌ر بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ میكانیزمی چاودێریی مافه‌كانی مرۆڤی له‌ نوسینگه‌ی تازه‌ی گه‌یاره‌ی باشوری مۆسڵ دروستكردوووه بۆ پێشگرتن له‌ ئه‌گه‌ری هه‌ر پێشێلكردنێكی مافه‌كانی مرۆڤ". ئه‌و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م نووسینگه‌یه‌ پێویستی به‌ پشتگیریی هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كاره‌كانی خۆی سه‌ركه‌وتووانه‌ ئه‌نجام بدات. ئه‌و هه‌روه‌ها سوپاسی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كانی كرد بۆ پشتگیریی به‌رده‌وامی بۆ عیراق بۆ گه‌شه‌دان به‌ ماف و به‌هاكانی مرۆڤ.

به‌ڕێز جۆرجیی بوستینیش داوای له‌ هه‌موو پێكهاته‌كانی عیراق كرد بۆ به‌یه‌كه‌وه‌ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ بۆ هه‌مووان بێ گوێدانه‌ نه‌ته‌وه‌ و ئاین و ره‌گه‌ز و په‌ككه‌وته‌یی به‌ خستنه‌ چه‌قی قورساییش له‌سه‌ر ئه‌و كارانه‌ی كه‌ ده‌توانن گه‌شه‌ به‌ ئاشتی و پێكه‌وه‌یی بده‌ن. "ئێمه‌ پێویسته‌ به‌دوای چاره‌سه‌ری كرده‌نییه‌وه‌ بین له‌ هه‌مبه‌ر ترس و نادادیدا بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌تی عیراق بتوانێت مافه‌كانی مرۆڤ به‌گوێره‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تی بپارێزێت". ئه‌و زیاتر درێژه‌ی به‌ قسه‌كانی دا و وتی "پێویسته‌ په‌ره‌ به‌و شێوازانه‌ بدرێت كه‌ ده‌بنه‌ مایه‌ی فه‌راهه‌مكردنی ئازادیی زیاتر كه‌ تێگه‌یشتن و گفتوگۆ به‌شه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌ی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ن".

شایانی باسه‌، كه‌ "رۆژی مافه‌كانی مرۆڤ" له‌ ١٠ی كانونی یه‌كه‌م هه‌موو ساڵێك یادی ده‌كرێته‌وه‌. له‌ ساڵی ١٩٤٨ ئه‌نجومه‌نی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان "جاڕنامه‌ی جیهانیی مافی" په‌سند كرد و له‌ ١٩٥٠ش ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بڕیاری ٤٢٣ (ڤ)ی ده‌ركرد كه‌ داوا رێزگرتنی١٠ كانونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك وه‌ك رۆژی مافی مرۆڤ له‌ هه‌موو وڵاتان و رێكخراوه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان ده‌كات.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.