چوار شەممە, 14 کانونی یەکەم 2016 19:57

یادی رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراق له‌ژێر‌ سه‌رباسی "ئه‌مڕۆ هەڵسە و داکۆکی لە مافەکانی کەسێکی تر بکە" ده‌كرێته‌وه‌ گرنگ

هه‌ولێر، ١٣ی كانونی یه‌كه‌می ٢٠١٦:- نووسینگه‌ی مافی مرۆڤی نێرده‌ی نه‌ته‌وە یه‌كگرتووه‌كان بۆ هاریكاریی عیراق (یونامی)، به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆیی مافه‌كانی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان و زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌ هه‌ولێر، یادی "رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ"ی كرده‌وه‌ له‌ژێر سه‌رباسی جیهانیی به‌ناوی " ئه‌مڕۆ هەڵسە و داکۆکی لە مافەکانی کەسێکی تر بکە".



یاده‌كه‌ی ئه‌مساڵ به‌ ئاماده‌بوونی قوتابیانی كۆلێژی یاسا و رامیاری و نوێنه‌رانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و مامۆستایانی زانكۆ و راگه‌یاندن له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین به‌ڕێوه‌چوو. له‌ په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌كه‌یدا، كۆمیساری باڵای مافه‌كانی مرۆڤی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان ، به‌ڕێز زه‌ید ره‌عد ئه‌لحوسێن، داوای پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤی له‌ هه‌موو كه‌سێك كرد. ئه‌و له‌مباره‌وه‌ وتی "ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ هه‌ریه‌كێك له‌ ئێمه‌ بۆ پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ بكه‌وێته‌كار. بێگومان نابێ هیچ كارێك به‌ بچووك سه‌یر بكرێت. تۆ له‌هه‌ر شوێنێك بیت ده‌توانی جیاوازی دروست كه‌یت. ده‌با به‌یه‌كه‌وه‌ زیاتر بۆ چه‌مكی مرۆیی ئاماده‌ بین".

له‌ كاتی كردنه‌وه‌ی رێوره‌سمه‌كه‌ش، ‌ راگری كۆلێژی یاسا و رامیاری، به‌ڕێز د. شێرزاد عه‌زیز، جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی په‌روه‌رده‌ كرده‌وه‌ بۆ هه‌موو خه‌ڵك و هه‌موو ته‌مه‌نه‌كان له‌پێناو دابینكردنی پاراستن و رێزگرتنی بنه‌ماكانی مافه‌كانی مرۆڤ. هه‌روه‌ها، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڕێز جه‌عفه‌ر ئێمنه‌كی، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد كه‌ رێزگرتن له‌ مافه‌كانی مرۆڤ به‌ردی بناغه‌ی كوتاییهێنانه‌ به‌ قه‌یرانه‌كانی ئێستای عیراق. ئه‌و باسی له‌ توندوتیژیی خێزانیی له‌سه‌ر بنه‌مای جێنده‌ریش كرد وه‌ك ته‌حه‌ددییه‌ك كه‌ به‌رۆكی هه‌رێمی گرتووه‌ له‌گه‌ڵ ئاماژه‌كردن به‌و هه‌وڵه‌كانی كه‌ گۆڕینی نه‌ریته‌ زیانبه‌خشه‌كان له‌رێگه‌ی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی وشیاریی گشتییه‌وه. له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆیی مافه‌كانی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستانیش ، به‌ڕێز زیا بترۆس ، جه‌ختی له‌سه‌ر رۆڵی په‌روه‌رده‌ كرده‌وه‌ و داوای له‌ زانكۆكانی هه‌رێمی كوردستانیش كرد كه‌ مافه‌كانی مرۆڤ بخه‌نه‌ ناو به‌رنامه‌ی خوێندن له‌گه‌ڵ داواكردنی دامه‌زراندنی چه‌ند به‌شێكی تایبه‌ت بۆ مافه‌كانی مرۆڤ. ‌

هه‌ر له‌و رێووره‌سمه‌دا، به‌رپرسی نوسینگه‌ی مافه‌كانی مرۆڤی یونامی و نوێنه‌ری كۆمیساریای باڵای مافه‌كانی مرۆڤ جه‌ختی له‌سه‌ر گرنگیی ئازادیی راده‌ربڕین و مافی وه‌رگرتن و پێدانی زانیاری وه‌ك بنه‌مایه‌كی گرنگ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی دیموكراتدا كرده‌وه‌. ئه‌و داوای له‌ گه‌نجان كرد بۆ په‌یڕه‌وكردنی لێبورده‌یی و گفتوگۆی كراوه‌ له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ كاریان تێده‌كات و هه‌روه‌ها بۆ گه‌شه‌دان به‌ دروستكردنی مه‌ودایه‌كیش بۆ ئاڵوگۆڕی بیروبۆچوونه‌كان. سه‌رۆكی زانكۆی هه‌ولێریی جیهانی ، به‌ڕێز موحه‌ممه‌د ئیحسان، جه‌ختی له‌سه‌ر كرۆكبوونی رۆڵی په‌ره‌وه‌رده‌ كرده‌وه‌ بۆ باشكردنی كۆمه‌ڵگا و چاكسازیی ریشه‌ییشی له‌ سیسته‌می په‌ره‌وه‌رده‌ به‌ پێویست زانی.

دوای پێشكه‌شكردنی نمایشه‌كانی میوانه‌كان، ده‌رگای پرسیاری قوتابیان بۆ پانێڵه‌كان كرایه‌وه‌. هه‌ر وه‌ك به‌شێكیش له‌و چالاكییه‌، نوسینگه‌ی مافی مرۆڤی یونامی نامێلكه‌یه‌كی نۆبه‌ره‌ی به‌كوردی وه‌رگێڕدراوی خسته‌ڕوو كه‌ ٩ رێككه‌وتنی گرنگی مافه‌كانی مرۆڤی له‌خۆگرتبوو كه‌ ئه‌مه‌ش به‌یه‌كه‌م نمونه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ هه‌رێمی كوردستانی عیراقدا.

شایانی باسه‌، رۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ له‌ ١٠ی كانونی یه‌كه‌می هه‌موو ساڵێك یادی ده‌كرێته‌وه‌. له‌ ١٩٤٨دا، ئه‌نجومه‌نی گشتیی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان جاڕنامه‌ی مافی مرۆڤی په‌سند كرد و له‌ ١٩٥٠شدا ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ بڕیاری ژماره‌ ٤٢٣(ڤ) ده‌ركرد كه‌ داوای یادكردنه‌وه‌ی ساڵانه‌ی ئه‌و ڕۆژه‌ی له‌ هه‌موو وڵاتان و رێكخراوه‌ په‌یوه‌ندداره‌كان ده‌كات.

© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.