پێنج شەممە, 09 ئازار 2017 11:56

چاوپێکەوتنی یونامی لەگەڵ ژنێکی ئازا گرنگ

نووسراوە لەلایەن: 

هەموو ساڵێک لە ڕۆژی ٨ی ئاداردا بەشداری چاڵاکی جۆراوجۆر دەکەن بە مەبەستی یادکردنەوەی سەرکەوتنەکانیان و ئەو ئاستەنگانە دەستنیشان دەکەن کە بەردەوام ڕووبەڕوویان دەبێتەوە وەک کێشەی کەمی خزمەتگوزاری تەندروستی باش و پەروەردە و هەلی یەکسان بۆ دەست کەوتنی کار.

ئەم ساڵ، تەوەری جیهانی جەخت لەسەر "ئافرەت لە جیهانی پڕ گۆڕانکاری کاردا، پلانی ٥٠-٥٠ تا ساڵی ٢٠٣٠". ئافرەتانی عیراقی دەنگیان دەخەنە پاڵ یەکتری بۆ دژایەتی کردنی گەندەڵی.

بەشی ڕاگەیاندنی یونامی هەڵساوە بە سازدانی دیدار لەگەڵ چەند ئافرەتێکی عیراقی دەربارەی چاڵاکیەکانیان لە چەندان بواری جیای کارکردندا.

خاتوو بان عبدالطیف، شاعیر و خاوەن پێداویستی تایبەت، چیڕۆکی خۆی دەگێڕێتەوە:

13321707 1450953731586651 859079408461429408 nپ ١/ وەک هونەرمەندێکی ئافرەت، سەرەکیترین کێشەکان چین کە لە وێنەکانتدا بەرجەستەیان دەکەی و بۆچی؟
"من لە وێنەکێشانەکانمدا زیاتر گرنگی بە ئافرەت دەدەم. هەندێک جار وێنەی ئافرەتێک دەکێشم یان وێنەیەک بۆ ئافرەت دەکێشم. لە هەردوو باردا هەوڵ دەدەم ببمە دەنگی ئەوان و گرنگی ئافرەت لە ژیاندا دەربخەم. لەبەر ئەوە زۆرجار دارخورما وەک سومبولیک بەکاردێنم بۆ ئافرەت کە ناسکیی و سەربەرزی و خۆڕاگریی ئافرەت دەردەخات. لە کاتێکیشدا کە خەون و ئازارەکانی ئافرەت بەرجەستە دەکەم، هەوڵ دەدەم ئافرەت وەکو بوونەوەرێکی بێ هێز دەرنەخەم . من وادەکەم ورەی بەرزی ئافرەت لە وێنەکانم نیشان بدەم کە خۆی لە خۆیدا بۆتە بەشێک لە کەسایەتی من.
بۆ وەڵامی بۆچی، بە بڕوای من زۆرینەی خەڵک ڕۆلی ئافرەت تەنها لە چوارچێوەی ماڵ دەبیننەوە، بەڵام ڕۆڵی ئافرەتان وەک پێکهاتەیەکی گرنگ کە هەستیان هەیە و نیوەی کۆمەڵگەن و بەرپرسیارن لە پەروەردەکردنی نیوەکەی تر. هەر بۆیە گرنگە ئافرەت ئازادی و سەربەخۆیی هەبێت. باشترین کەس کە لە ئافرەت بگات و وەسفی بکات ئافرەت خۆیەتی."

پ٢/ ئایا چۆن توانیوتە ئافرەتانی خاوە پێداویستی تایبەت هانبدەی بۆ ئەوەی ئاستی تواناکانیان بەرزبکەنەوە؟
"وەکو ئەندامێکی کارگێڕی لە ڕێکخراوی ناحکومی دەنگی ئافرەتانی سەربەخۆ، من هەڵبژێردراوم وەک سەرۆکی لیژنەی ئافرەتە ئازاکان. ئەو بڕیارەش لەلایەن سەرۆکی ڕێکخراوی دەنگی ئافرەتانی سەربەخۆوە بوو، د. لامیعە تاڵەبانی کە پێشنیازی نازناوی "ئافرەتی ئازا"ی بۆ ئافرەتە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان کردبوو. هەروەها من بەرپرسی مەلەفی ئافرەتە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانم لە گردبوونەوەی ئافرەتان بۆ عیراقێکی مەدەنی و هەروەها سەرۆکی لیژنەی منداڵ و ئافرەتانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانم کە تۆڕێکە پێکدێت لە ٤٠ ڕێکخراو. هەوڵمداوە دەستی یارمەتی بۆ زۆرێک لە ئافرەتان لە گروپی تەمەنی جیاواز درێژبکەم و ئەزموونی خۆمیان بۆ بگوازمەوە، بۆ ئەوەی بۆیان ڕوون بکەمەوە کە هیچ شتێک ئاستەم نیە ئەگەر ویستی خۆت هەبێت. بۆیە پێویستە ئافرەتان وا لە کۆمەڵگە بکەن کە ئەوان جێگەی بایەخن و باوەڕیان بە تواناکانی خۆیان هەبێت. ئەمە ئەو شتانەیە کە من هەمیشە کارم بۆ کردووە تاکو لایەنی دەروونی ئەو ئافرەتانە باشتر بکەم و پاشانیش ئەوان سەبەستن لە چۆنیەتی بەرەوپێش چوون لە ژیانی خۆیان."

15894894 203274680137109 5656774179705419037 nپ٣/ لە میانەی ئەزموونی خۆتدا، ئەو گۆڕانکارییانە چین کە پێویستە لە کۆمەڵگەی عیراقیدا بکرێن بۆ ئەوەی دڵنیابین کە ئافرەت و کچان بتوانن هەلی یەکسانیان پێ بدرێت؟
"یەکەم شت، پێدانی هەلی یەکسان بە ئافرەتان لە کۆمەڵگەی عیراقی، ئافرەتی مەدەنی هەیە کە گرنگی زیاتریان پێ دەدرێت لەبەر ئاستی کۆمەڵاتییان یان ئەو خێزانەی کە لێوە هاتوون. بەڵام لە هەمان کاتدا، ئافرەتی وا هەیە کە لە خێزانێکی هەژارە و یان بەهۆی داب و نەریتی خێڵەکی یاخوود لە شوێنە دەشت و گەڕەکە میللیەکان دەژین ناتوانن سەربەستی و ئازادی ڕەها بەدەست بهێنن و لەبەر ئەوەش ناتوانن بیروبۆچوونی ئازادانەی خۆیان دەرببڕن.

ئەم هۆکارانە وا لە ئافرەت دەکەن کە بە کۆیلەیی بمێنێتەوە و بە مافەکانی خۆی نەزانێت هەر بۆیەش لەوانەیە نەتوانێت خەونەکانی بەدی نهێنێت یان ئامانجەکانی لە ژیان بپێکێت. لەلایەکی ترەوە، پێویستە بەرنامەیەکی تایبەت لەلایەن حکومەتەوە دابنرێت بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ئافرەت کەچی ئەوەی ئێستا هەیە بریتیە لە هەوڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بە تەنها. هەروەها پێویستمان بە میدیایەکی چڕ هەیە وەکو بەرنامەی تەلەفزیۆنی یان ڕۆژنامە یان هەر شێوازێکی تری میدیایی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ئافرەتان دەربارەی مافەکانیان و هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە دەربارەی گرنگیی ڕۆلی ئافرەتان.

هەروەها پێویستمان بە چەند یاسایەک هەیە بۆ پاراستنی ئافرەت لە شوێنی کار و لە ماڵەوە. من چەندین جار پرسیاری ئەوەم کردووە "ئەی چی دەربارەی مافی ئافرەتان؟" لە وەڵامدا دەڵێن کە چەندین بڕیار هەن بۆ خزمەتکردنی ئافرەتان. بەڵام من پێم وایە ئەمانە لەڕاستیدا هەمووی مەرەکەبی سەر کاغەزن. بە کورتی من وا هەست دەکەم کە دەرفەتەکان زیاتر بۆ چینی پیاوان فەراهەم کراون و زۆرینەش وایان پێ باشترە کە ئافرەت لە ماڵەوە بەند بێت و تەنها پیشەی منداڵ دروست کردن بێت و چێشت لێ بنێت."


وەرگێڕان لە زمانی عەرەبیەوە بۆ زمانی کوردی لەلایەن ڕەشوان ڕەمەزان ساڵح. ڕێکخستن لەلایەن سێلیا ثۆمسۆن.
بۆ خوێندنەوەی هەمان چیڕۆک بە زمانی عەرەبی و ئینگلیزی تکایە سەردانی ئەکاونتی فەیسبوکمان بکەن:

زانیاری زیاتر

  • Agency: UNAMI
© 2019 United Nations Iraq. هەموو مافەکانى پارێزراوە.